رووداو دیجیتاڵ
دوو مانگە دەرگەی قەڵای هەولێر بە رووی گەشتیاران داخراوە، ئەوەش بەهۆی دەستپێکردنی نۆژەنکردنەوەی شەقامی سەرەکیی قەڵای هەولێر.
لە نۆژەنکردنەوەکەدا نزیکەی 70 کرێکار رۆژانە کار لەو شەقامە دەکەن، عیسام شەش ساڵە کرێکارە لەسەر قەڵای هەولێر، لە 07:00 بەیانییەوە تا نزیکەی 04:00 ئێوارە لەگەڵ هاوپیشەکانی بە وریاییەوە کار دەکەن و شوێنە جیاوازەکانی قەڵا نۆژەندەکەنەوە.
عیسام شاکر دەڵێت، "ئێستا هەموو زەوییەکە پێکەوە نۆژەندەکەینەوە، هەمووی چاکدەکەین و بەردی بچووکی لێدەدەین، ئێستا تیکەڵەمان داناوە و عادلەی لێدەدەین پاشان قووم، لەسەر قوومەکەش بەردە."
لە ژێرخانی شەقامەکە، ئاو و ئاوەڕۆ و راکێشانی هێڵی کارەبا لە ژێر زەوی تەواو بووە، ئێستا لە قۆناخی بەردرێژکردندایە
ئەم شەقامە بڕیارە لە نێوەڕاستی مانگی 3 ساڵی داهاتوو تەواو ببێت و دەرگەی قەڵا ئەوکات بەڕووی گەشتیاراندا بکرێتەوە
لە چەند شوێنێکی لێواری شەقامەکەش بڕیارە شوێنی دانیشتن و پشوودان بۆ گەشتیاران دروستبکرێت.
بەفرین عەبدولقادر، بەڕێوەبەری سایت و سەرۆکی ئەندازیارانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێرە لەبارەی پرۆژەکەوە رایگەیاند، "پێویستە کرێکار و وەستاکان کە کار دەکەن شارەزاییان هەبێت چونکە ئەم شێواز و تەکنیکە کەم بەکاردێت لەو ماوەی کۆتاییدا."
لە ساڵی 2005 قەڵای ھەولێر لەلایەن رێکخراوی یونیسکۆوە، وەک شوێنەوارێکی جیهانی دەستنیشانکرا، ماستەرپلانی بۆ دانرا
دواتر لە 2007 دەست بە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵا کراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و هاتنی داعش نزیکەی چوار ساڵ کارکردن لە قەڵاکە وەستا، ئێستا هەرچەندە پرۆسەی نۆژەنکردنەوە بەردەوامە بەڵام کارەکان بە سستی دەڕۆن، ئەویش بەهۆی کەمی بودجەی دابینکراو لەلایەن حکومەت بۆ قەڵاکە بەهۆی قەیرانی دارایی.
بەپێی پێشبینییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر رەنگە 20 ساڵی دیکە پێویست بێت تاوەکو نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە تەواو ببێت.
نیهاد لەتیف قۆجە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر دەڵێت، "پارە و پشتگیریمان نەبوو بەهۆی قەیرانی دارایی ئیشەکانمان زۆربەی هەرە زۆریان وەستابوون بەڵام کە دەبینن ئێستا چالاکیەکی زۆر زۆر لە قەڵا هەیە ئەویش بە پشتگیری برای بەڕێز و کەسایەتیی شاری هەولێر شێخ باز بەرزنجییە ، پاڵپشتییەکی باشمان دەکات هەروەها یونسکۆ لە چوارچێوەی پرۆژەی مەددا بڕێک پارەیان مابوو و ئێستا کرێی ئەو کرێکارانە ئەوان دابینی دەکەن."
هەولێر و قەڵاکەی تەمەنیان نزیکەی هەشت هەزار ساڵە، بە یەکێک لە كۆنترین شاری دنیا هەژمار دەکرێت كە ژیان تێیدا بەردەوامە و لە لیستی 100 گرنگترین شوێنەواری جیهانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ