رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، هیچ کابینەیەکی حکومەت بەبێ پارتی و یەکێتی پێکناهێندرێت، حیزبەکەشی ئۆپۆزیسیۆن نییە و ناڕەزایەتییەکان بۆ ئەوە نەبووە حکومەت پێکنەهێندرێت.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر رایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان بەرنامەی 2030مان هەیە، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیشدا، بافڵ تاڵەبانی باسی لە کێشەکانی خەڵک کرد و بە شێوازی خەڵکی ناڕازی کێشەکانی خستەڕوو، بەڵام یەکێتی ئۆپۆزیسیۆن نییە، ناڕەزایەتییەکانی ئێمە بۆ ئەوە نەبووە حکومەت پێکنەهێندرێت، هیچ حکومەتێک لە هەرێمی کوردستان دروست نابێت بەبێ پارتی و یەکێتی."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەعدی پیرە گوتی، "هەر لایەنێک بیر لەوە بکاتەوە کە ئەو چی دەکات، ئەوە راستە؛ ئەوە پێکهێنانی حکومەت قورس دەبێت، بەڵام ئەگەر هەر لایەنێک بزانێت کۆمەڵێک کاری کردووە باش نەبووە و هەڵە بووە و داوای لێبووردن بکات، ئەوکاتە کێشەکان چارەسەر دەبن و حکومەت بە زوویی پێکدەهێندرێت."
لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گوتەبێژی یەکێتی گوتی، "هەڵمەتێکی باش و پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی باشمان بەڕێوەبرد، زۆربەی خەڵک پێی وابوو هەڵبژاردن ناکرێت و کێشە دروست دەبێت، بەتایبەت لە رۆژی 15ی ئۆکتۆبەر کە لە مەودای کەمتر لە کیلۆمەترێکدا یەکێتی و پارتی دەیان هەزار کەسیان کۆکردەوە بۆ بانگەشە و بانگەشەیەکی تووند بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ کێشەیەک بۆ هەڵبژاردنەکە دروست نەبوو، ئەمەش نیشانەی گەشەسەندنی کۆمەڵگەکەمانە و جێگەی دڵخۆشییە."
خاڵێکی دیکەی "سەرکەوتنی هەڵبژاردن" بەلای سەعدی پیرەوە ئەوەیە، بە پێچەوانەی پێشبینییەکانەوە، کە باس لە ناڕازیبوونی خەڵك و بێزاری لە پرۆسەی سیاسی دەکرا، بەڵام رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردندا زۆر بوو، کە رێژەکە زیاتر لە 70% بوو، "ئەوەش گرنگە بۆ پتەوکردنی گەمەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان و میسداقییەتی هەڵبژاردن."
لەبارەی ئاستی متمانە لەنێو خەڵک، گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، "لەوە تێدەگەین ئاستی متمانە کەم بووەتەوە، بەهۆی ناڕازیبوون لە ئیدارەدانی ئێمە و بوونی کێشەی ئابووری و ئاو و کارەباوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک هاتن و متمانەیان دایەوە بە لایەنە سیاسییەکان، کە ئەمە جێگەی خۆشحاڵییە، بەڵام دەبێت لە کابینەی داهاتوو کار بکەین، بۆ ئەوەی کێشەی خەڵك چارەسەر بکەین، یەکێتیش کار بۆ ئەمە دەکات."
لەبارەی ئەنجامدانی سەرژمێری ئەوەی خستەڕوو، "لە ساڵی 2003وە باسی ئەنجامدانی سەرژمێری کراوە و هەموو جارێک دواخراوە، هەموو کاتێک ئێمە پێمان وابووە، کاتێک سەرژمێری راست و دروستە کە مادەی 140 جێبەجێ بکرێت و دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە، ئەوانەی بۆ تەعریب هێندراونەتە ناوچە جیاوازەکان بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، ئێستا رۆژی 20ی ئەم مانگە سەرژمێری دەکرێت، بەڵام رێککەوتن کراوە سەرژمێری لە ناوچە جێناکۆکەکان بکرێت، بەبێ ئەوەی ئەنجامەکەی رابگەیێندرێت تاوەکو ئەو کاتەی لێکۆڵینەوە لەوە دەکرێت کە دانیشتووی رەسەنی ناوچەکەن یان نا."
هەر پەیوەست بە پرسی سەرژمێری، سەعدی پیرە گوتی، "بابەتێکی نیشتمانی و نەتەوەییە، مەترسیی ئەوە هەیە، ئەوەی بە ئاگر و ئاسن جێبەجێ نەکرا، بە پرۆسەیەکی دیموکراسی جێبەجێ بکرێت، بۆیە پێویستە کەرکووکییەکان، خانەقینییەکان، شنگالییەکان و ئەوانەی ناوچەکانی دیکەش بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، ئەوانەی هاوردەکراون رێگرییان لێبکرێت ببنە زۆرینە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ