وەزارەتی خوێندنی باڵا: مانگانە نزیکەی 5 ملیار دینارمان بۆ دەرماڵەی خوێندکاران پێویستە

13-11-2022
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیێنێت، لە مانگی ئەیلوولەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا داوایکردووە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەرماڵەی خوێندکاران نوێبکرێتەوە، دەشڵێت، ئەمساڵ مانگانە نزیکەی پێنج ملیار دیناریان پێویستە بۆ پاڵپشتیی دارایی [دەرماڵە] خوێندکاران.
 
د. توانا نەجەف، سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان پێش دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن نووسراویان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ ئەوەی بڕیارەکەی ساڵی رابردووی تایبەت بە پاڵپشتیی دارایی خوێندکاران نوێبکرێتەوە.
 
ئەمڕۆ بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی لە نزیک باڵەخانەی پارێزگاری سلێمانی گردبوونەوە و داواکاریی سەرەکییان بە یاساییکردنی دەرماڵە و دابەشکردنیەتی. هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لە خۆپێشاندەران کرد و بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنیان دان، چەند خوێندکارێکیش بەو هۆیەوە تەندروستییان تێکچوو.
 
د. توانا نەجەف ئاماژەی بەوە دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو مانگانە نزیکەی 7 ملیار و 250 ملیۆن دیناری بۆ پاڵپشتیی دارایی خوێندکاران تەرخانکرد بوو، بەڵام ئەمساڵ کەمتر لەو بڕەیان پێویستە کە نزیکەی 5 ملیار دینارە.
 
 
سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە بۆ ئەوەی لەبارەی دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی خوێندکارانەوە وەڵامبداتەوە.
 
بەگوتەی د. توانا نەجەف، هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەیەک لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی دارایی لەسەر ئاستی وەزیرانی هەردوو وەزارەتی و بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری و دیوانی خوێندنی باڵا، ئەنجامدرا لەبارەی ئەوەی چەند پارەیان پێویستە و چۆن کاربکرێت بۆ تەرخانکردنی بڕی پارەی پێویست، هەروەک چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتی دارایی و ئابووریین بۆ ئەوەی وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیران بداتەوە و دواتر ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی نوێ لەوبارەیەوە دەربکات.
 
لەبارەی داواکاریی خوێندکاران بۆ داشکاندنی کرێی خوێندنی پاراڵێڵ و ئێواران، سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی خوێندنی باڵا دەڵێت، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەزیری خوێندنی باڵا و ئەم کابینەیەوە، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاردرا بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پاراڵێڵ و خوێندنی ئێواران بە بڕی 45٪.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە