رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، "30٪ـی سێوی هەموو ئێران لەو پارێزگایە بەرهەمدێت و بەپێی پێشبینییەکانیان، ئەمساڵ بەرهەمی سێوی ئەو پارێزگایە دەگاتە سەرووی یەک ملیۆن و 221 هەزار تۆن".
خەسرەو شەهبازی، بەڕێوەبەری دامەزراوەی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، "122 هەزار هێکتار لە رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو پارێزگایە رەز و باخە کە 65 هەزار و 41 هێکتار لەو رووبەرە کراوە بە سێو و بەرهەمی ساڵانەی نزیکەی یەک ملیۆن و 695 هەزار تۆنە".
خەسرەو شەهبازی گوتی، "وەرزی لێکردنەوەی سێو لە پارێزگای ورمێ دەستیپێکردووە و بەپێی پێشبینییەکانیان ئەمساڵ بەرهەمی سێوی باخەکانی ئەو پارێزگایە دەگاتە سەرووی یەک ملیۆن و 221 هەزار تۆن، کە 750 هەزار تۆنی هەناردەی وڵاتانی هیندستان، پاکستان، رووسیا، ئەفغانستان و عێراق دەکرێت".
ئەو بەرپرسە گوتیشی، "150 هەزار تۆن لە بەرهەمی سێوی پارێزگاکە لەنێوخۆ دەفرۆشرێت و نزیکەی 320 هەزار تۆنیش رادەستی کارگەکان دەکرێت و دەکرێتە شەربەت".
سەبارەت بە نرخی سێویش، بەرپرسەکەی رێکخراوی کشتوکاڵی ورمێ دەڵێت، "نرخی یەک کیلۆگرام سێوی باش لەکاتی لێکردنەوەی لە نێوان 12 تا 14 هەزار تمەنە و لە بازاڕیش لەنێوان 20 هەزار تا 22 هەزار تمەنە".
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، 800 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی هەیە و ساڵانە سەرووی شەش ملیۆن تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی بەرهەم دێنێت. دوای سێو، زیاترین بەرهەمی باخەوانی لە پارێزگای ورمێ بریتییە لە ترێ و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمەکەی 230 هەزار تۆن بێت؛ لەو رێگەیەشەوە دەرفەتی کار بۆ زیاتر لە 60 هەزار کەس لە دانیشتووانی پارێزگاکە دەڕەخسێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ