دوای 8 ساڵ لە رفاندنی لەلایەن داعشەوە کچێکی کوردی ئێزدی رزگارکرا

13-09-2022
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کچێکی تەمەن 23 ساڵ لە کامپی هۆل رزگارکرا کە لە تەمەنی 15 ساڵیدا لەلایەن داعشەوە رفێندرابوو؛ ئەندامێکی رێکخراوی رزگاربووانی دەستی داعش دەڵێت، ئەو کچە پێنج ساڵ بوو لە کامپی هۆل دەژیا و "لە ترسی دانیشتووانی کامپەکە ترساوە خۆی ئاشکرا بکات."
 
دەروێش جووکی، ئەندام لە رێکخراوی رزگاربووانی دەستی داعش کە رێکخراوەکەیان لە شنگالە، رۆژی سێشەممە 13-9-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کچە ئێزدییەی رزگارکراوە خەڵکی شنگالە؛ لە ساڵی 2017ـەوە لە کامپی هۆل دەژیا و بەهۆی ترسی لە ئەندامانی داعشی نێو کامپەکە نەیوێرابوو خۆی ئاشکرابکات." 
 
ئەو کچەی رزگارکراوە ناوی سەوسەن حەسەن حەیدەرە و کاتێک رفێندراوە تەمەنی 15 ساڵ بووە. دەروێش جووکی دەڵێت: ئەوانەی کوردی ئێزدین لە کامپی هۆل بەهۆی مامەڵەی تووندی دانیشتووانی کامپەکەوە ناوێرن خۆیان ئاشکرا بکەن. گوتیشی: "سەوسەن ئێستا لە شوێنێکی ئارامە لە ماڵی ئێزدییان لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان." 
 
لەبارەی رزگارکردنی سەوسەنەوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سەوسەن لەلایەن 'یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە'ـەوە لە کەمپی هۆل رزگارکراوە. 
 
ماوەیەکە هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئاسایشی ناوخۆ بە هاوکاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەڵمەتێکیان دژی شانە نووستووەکانی داعش لە کامپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە. 
 
لە رۆژی 3-9-2022، کچێکی دیکە بەناوی وەفا عەباس لە کامپی هۆل رزگارکرا، کە ئەویش لە سنووری شنگال و لە ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرابوو.
 
کامپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و نزیکەی 56 هەزار کەسی تێدایە کە زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق

سەرۆککۆماری عێراق بۆ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان: لە پێکهێنانی حکومەتدا پەلە بکەن

سەرۆککۆماری عێراق داوا لە لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات لە پێکهێنانی حکومەتدا پەلە بکەن. دەشڵێت، "لە ململانێی سیاسیدا تەنیا خەڵکی وڵاتەکەمان باجەکەی دەدات."