کوردستان
هێزێکی ئەمنی لە نزیک مەرزی پەروێزخان، وێنەکە پەیوەندی بە هەواڵەکەوە نییە و ساڵی 2021 گیراوە
رووداو-هەولێر
هێزێکی کۆماندۆی کوردستان لەسەر رێگەی مەرزی پەروێزخان جێگیرکراون. لە روونکردنەوەیەکدا هێزەکە دەڵێت، بە فەرمانی جێگری سەرۆکی حکومەت چوونەتە ئەوێ و بۆ رێگریکردن لە بنبڕکردنی قاچاخچێتی و کاری نایاسایی لەوێ جێگیرکراون.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 12-9-2022، لەکاتی گەڕانەوەی ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، هێزێکی ئەمنی رێگەیان لێدەگرن و داوایان لێدەکەن خۆیان بناسێنن و دەرئەنجام گرژی و ئاڵۆزی لە نێوانیان دروستبوو.
هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی رێگری لە ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و پەرلەمانتارێکی کوردستان رایگەیاند، ئەوان لەسەر "راسپاردەی قوباد تاڵەبانی لەو بازگەیە جێگیرکراون بۆ بنبڕکردنی کاری قاچاخ و نایاسایی، ئەو دوو بەرپرسەش بەبێ هیچ نووسراوێکی فەرمیی حکومەت و پەرلەمان و بەبێ رەزامەندیی بەڕێوبەرایەتیی مەرزی پەروێزخان چوونەتە نێو مەرزەکە"، بەڵام پەرلەمانتارەکە تەواوی روونکردنەوەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "روونکردنەوەکەیان ئەسڵ و ئەساسی نییە و بە فەرمی خۆمان ناساندووە و پێیانگوتین حیساب بۆ سەرۆکی حکومەت، پەرلەمان و قوباد تاڵەبانیش ناکەین."
کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رۆژی دووشەممە بە رووداوی راگەیاند، لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کاری مەڵبەند و ناوەندەکانی کێشکردن لە سنووری گەرمیان سەردانی دەروازەی نێوەدەوڵەتیی پەروێزخانیان کردووە و لەکاتی گەڕانەوەیاندا لەگەڵ ئەو هێزە ئەمنییە گرژی و ئاڵۆزی دروستبووە.
کەریم عەلی گوتی: "ئەو هێزە ناسنامەیان روون نەبووە و ویستوویانە بە زەبری هێز خۆمان و ئۆتۆمبێلەکانمان بپشکنن، بەڵام رێگەمان نەداوە، کار گەیشتووەتە ئەوەی هەردوولا میلی چەک لە یەکدی راکێشین".
ئەمڕۆ سێشەممە، 13-9-2022، هیزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی ئەو رووداوەوە رایگەیاند: "رزگار محەممەد، ئهندامی پهرلهمانی كوردستان و كهریم عهلی، ئهندامی ئهنجوومهنی پارێزگای سلێمانی بەبێ هیچ نووسراوێکی فەرمیی حکومەت، پەرلەمان و بەبێ رەزامەندیی بەڕێوبەرایەتیی مەرزی پەروێزخان چوونەتە نێو مەرزەکە."
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، لە کاتی گەڕانەوەی ئەو دوو بەرپرسە، بە بازگەیەکی هێزەی کۆماندۆ لە نزیک دەروازەی پەروێزخان تێپەڕیبوون کە ئەو رێگەیە "پێشتر کاری قاچاخی لە لایەن کۆمەڵێک بەرپرسی حیزبی و حکومی تێدا دەکرا، بۆ رێگریکرن لەوە لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی لەو بازگەیە هێزەکە جێگیرکراون، دواتر لە لایەن کارمەندانی بازگەکەوە بەوپەڕی رێزەوە داوای خۆناساندنیان لێکراوە، لە وەڵامدا رزگار محەمەد بەکارمەندانی بازگەکەی راگەیاندبوو کە ئەو پەرلەمانتارە و پارێزبەندی هەیە و هیچ کەسێک بۆی نییە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات و ئۆتۆمبێلەکەی بپشکنێت"
هێزەکانی کۆماندۆ ئاماژەیان بەو ئۆتۆمبێلە کردووە کە بە رزگار محەممەدی پەرلەمانتار و کەریم عەلی بووە و دەڵێن: "کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ لە چەک و جام تاریک بوون، ئەوەش پێچەوانەی یاسایە، لەکاتی ئەم گفتوگۆیانەدا پاسەوانەکانی هەردوو ناوبراو بەچەکەوە دابەزیبوون و بە چوار دەوری بازگەکە بڵاوەیان کردبوو و میلی چەکیان بەڕووی هێزەکەمان هێنابووەوە، بەڵام دواتر لە لایەن بەرپرسی بازگەکە کێشەکە چارەسەر کراوە و میوانداری ئەو دوو بەڕێزە و پاسەوانەکانیان کراوە و هەر لەوێ و کۆتایی بەکێشەکە هێنرا".
بەڵام رزگار محەممەد، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئەو روونکردنەوەیە رەتدەکاتەوە و بە رووداوی گوت: "ئەوان دەستپێشخەربوون لە بێڕێزیکردن، ئێمە کە لە پەروێزخان گەڕاینەوە، ئەو بازگەمان بینی کە دانراوە، بەڵام هیچ لۆگۆ و ناو ناونیشانیان دیارنەبوو، کەس نەیدەزانی کێن. داوایان لێکردین خۆمان بناسێنین و راستەوخۆ خۆمان ناساند و ناسنامەشم پێدان، دوای هەموو ئەوانە داوایانکرد ئۆتۆمبێلەکەم بپشکنن، منیش پێمگوتن بە گوێرەی یاسا پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتار ناکرێت، بەڵام ئەگەر بڕیاری دادگەت پێ بێت رێگەت پێدەدەین، چونکە هیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە نییە، راستەوخۆ دوای ئەوە چەکیان ئاراستە کردین."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی گۆڕان، دوای ئەو روونکردنەوانە لەگەڵ هێزی کۆماندۆ، هێزەکە "حیسابی هیچیان نەکردووە و راستەوخۆ پێمگوتن پەیوەندی بە سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەیەوە دەکەم، بەڵام پێیانگوتین حیساب بۆ کەس ناکەین و قسەیان لێ وەرناگرین، ئەو کاتەش کە ویستم پەیوەندی بکەین لە رێگەی ئامێرێک کە لە بەردەستیان بووە، هێڵی پەیوەندی ئەو شوێنەیان راگرت، تەنانەت ناوی قوباد تاڵەبانییان هێنا و گوتیان حیساب بۆ ئەویش ناکەین تەنیا فەرمان لە بافڵ تاڵەبانی وەردەگرین."
لەبارەی وەرگرتنی مۆڵەت لە بەرپرسانی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەورێزخان، رزگار محەممەد گوتی: "مۆڵەتمان لە بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان وەرگرتووە و بۆ سەردانی ئەو رۆیشتووین، ئێمە بە تەنیا نەبووین و تیمی حکومەت و چەندین بەرپرسی بەشمان لەگەڵ بووە، تەنانەت دوو ئۆتۆمبێلی حکومەت و لۆگۆی حکومەتمان پێبووە و جامی ئۆتۆمبێلەکانیش رەش نەبووە."
هێزەکانی کۆماندۆ لە روونکردنەوەکانیان باس لە گۆڕینی هەڵویستی کەریم عەلی و رزگار محەممەد دەکەن کە گوایە ئەوان دوای گەڕانەوەیان بۆ سلێمانی هەڵویستیان گۆڕدراوە، "لە رێگەی کەناڵ و دەزگاکانی راگەیاندن کۆمەڵێ قسەی ناڕاست و تۆمەتیان بۆ هێزەکەمان هەڵبەستووە، لەکاتێکدا ئەو دوو بەرپرسە خۆیان و پاسەوانەکانیان بەشێوەیەکی نایاسایی سەردانی مەرزەکەیان کردووە و ئامانجشیان روونە کە بۆ کاری گێرەشێوێنی بووە."
رزگار محەممەد لەوبارەوە گوتی: "ئەوان داوای لێبووردنیان لێکردین و بانگیان کردووین، بەڵام دوای چی؟ دوای ئەوەی چەکیان ئاراستە کردین، تەنیا لەبەر ئەوەی یاسام جێبەجێکردووە و رێگەم نەداوە پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتار بکەن و ئەو بارودۆخە روویدا."
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ئەو دۆسیەیەی گەیاندووەتەوە پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت: "لە پەرلەمان سکاڵای یاسایی تۆماردەکەین، چونکە ئەوان سەرەتا چەکیان ئاراستە کردووین و بێڕێزییان کردووە."
هەر لەو بارەوە فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و داوا دەکەن، پەرلەمان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان هەڵوێستی جیددییان هەبێت و دەڵێن: "پەرلەمان بەرپرسیار دەکەین لە ئاستی پاراستنی ئەندامانی پەرلەمان و سەرکۆنەکردنی ئەو رەفتارە نەشیاو و نادروستە حیزبییانەی کە بووەتە لەمپەر لە بەرامبەر بەدواداچوونی ئەرکی پەرلەمانی و بێ بەهاکردنی رۆڵی پەرلەمانتاران."
فراکسیۆنی گۆڕان روونکردنەوەی هێزەکانی کۆماندۆش بە "ئاست نزم لەڕووی سیاسی و یاسایی و ئیدارییەوە ناو دەبەن و دەڵێن: هی وەڵام دانەوە نییە." ئاماژە بەوەش دەکەن، پەرلەمانتار دوای ئەوەی خۆی ناساند و ناسنامەی پەرلەمانتاری پیشاندا، نابێت بپشکنرێن نە خۆیان نە ئوتۆمبێلیان نە ماڵیان، چونکە پارێزبەندییان ھەیە، ھەروەھا ناسنامەی پەرلەمانتار مۆڵەتە بۆ ھەڵگرتنی چەک.
هەر لە روونکردنەوەکە هێزەکانی کۆماندۆ دەڵێن: "ئەگەر ئەوان هیچ شتێک لەخۆیان شک نابەن بۆ رێگەیان بەکارمەندانی بازگەکە نەدابوو پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەیان بکرێت؟ هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لەسەر راسپاردەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بازگەیە جێگیرکراون بۆ بنبڕکردنی کاری قاچاخ و نایاسایی، بۆیە هەر کەسێک و ھەر لایەنێک بەو بازگەیەدا تێپەڕبێت، دەبێت پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکرێت، لامان سەیرە ئەو دوو بەرپرسە کارەکانیان پێچەوانەی یاسا بووە و باسی یاسا دەکەن ئەمەشیان کرد بە کەمپینێک بۆ دەرکەوتن و ناساندنی خۆیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ