رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیێنێت رژدن لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، دەڵێت پۆستەکە پشکی کوردە و بەرکەوتەی هەڵبژاردنی یەکێتییە.
پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: "کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەنگاوێکی ئەرێنییە، هیوادارین لەو ماوەیەی دیاریکراوە پۆستەکانی پارێزگاکە یەکلابکرێتەوە.. هۆکاری دواکەوتنی رێککەوتنی لایەنەکان نەبوونی متمانەیە لە نێوانیاندا."
دواى شەش مانگ لە سوێندخواردنى ئەندامانى نوێى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، لە 11ى تەممووزدا یەکەم کۆبوونەوەیان کرد. بەگوێرەى یاسا، ئەنجوومەنەکە 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت: "ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا نیشاندەری ئەوەیە نزیکبوونەوە لە نێوان لایەنەکان هەیە، هەرچەندە دەبوو لایەنەکان زووتر لەبارەی کەرکووک و دابەشکاری پۆستەکان بگەیشتایەنە رێککەوتن."
لەبارەی پێکنەهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکەوە، ئاماژەی بەوەکرد: "چەقبەستووییەک هەیە لە ئیدارەدانی کەرکووک و راییکردنی کاروباری هاووڵاتیان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان."
بڕیارە لەو 28 رۆژەى کە ماوە، دانوستاندن لەلایەن پێکهاتەکانی پارێزگاکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی چڕبکرێتەوە، پۆڵا تاڵەبانی دەڵێت: "بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکانی کەرکووک کاتی زۆر نەماوە و لە رووی یاساییەوە کاتەکە دیاریکراوە کە مانگێکە، گفتوگۆی لایەنەکانیش لەوبارەیەوە بەردەوامە."
نزیکترین سیناریۆ بۆ پۆستى پارێزگار ئەوەیە لەنێوان کورد و عەرەب بە نۆرە بەڕێوە ببردرێت بەشێوەى دووساڵ بە دوو ساڵ، هەرچەندە حەوت مانگ لە ساڵى یەکەمى ئەم خولە تێپەڕیوە، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی راشیگەیاند: "یەکێتی رژدە لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت، یەکێتی براوەی هەڵبژاردنە و پارێزگاری کەرکووک بەرکەوتەی هەڵبژاردنی یەکێتییە، هەمیشە هاوکاری چارەسەری کێشەکان بووین و نابێتە گرفت لەبەردەم چارەسەر."
راکان جبوورى، پارێزگارى کەرکووک بە وەکالەت پۆستەکەى جێهێشتووە و ئەرکەکەى بە کاتیى لەلایەن عەلى حەمادى، یاریدەدەریەوە بەڕێوەدەبرێت. جبووری رۆژی چوارشەممەی رابردوو وەکو ئەندامى ئەنجوومەن سوێندى خوارد و بووە سەرۆکى بەتەمەنى ئەنجوومەنەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ