رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، نیگەرانن لەو هەنگاوانەی لەکاتی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە دژ بە هەرێمی کوردستان نران، بەڵام نیگەرانییەکان نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ لایەنەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پەشیمان ببنەوە.
دوای پێنج رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام، پەرلەمانتارانی عێراق بەرەبەیانی دووشەممە، 12-6-2023 دەنگیان بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجە دا و بودجەی گشتیی عێراقیان بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 پەسندکرد.
جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "داوای ئێمە ئەوەبوو رێز لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بگیرێت، لەبەرئەوەی پرسەکە رەهەندی دارایی هەیە، دەبوو دەقەکەی حکومەت بخرایەتە دەنگدانەوە ئەگەر دەنگی نەهێنا دواتر پێداچوونەوەی تێدا بکرایە، لیژنەی دارایی دەسەڵاتی زۆری بەخۆیدا دابوو، مامەڵەیەکی خراپ لەگەڵ پڕۆژەیاساکەدا کرا و کرایە هۆکاری ورژاندنی هەست و سۆزی خەڵک."
لەبارەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ لایەنەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، جەعفەر ئیمینکی گوتی: "ئەوەی لە رێککەوتنی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەبوو لە دەقە بنەڕەتیەکەدا هاتبوو، بەڵام هەندێک گفتوگۆی سیاسی نابەجێ لەنێو پەرلەمان هەبوو کە ئێمەی نیگەران کرد، بەڵام نیگەرانییەکە نەگەیشتە رادەی پەشیمانی."
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت: "بەغدا زۆر لەوە لاوازترە بتوانێت هەرێمی کوردستان بجووڵێنێت، بەڵام هەندێک هێزی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەن؛ وای دەبینن کە هەرێمی کوردستان لە ئاستی خۆی زۆر گەورەتربووە، بەغدا هەژموونی بەسەر نەوتی خۆیدا نییە تاوەکو بێت هەژموونی بەسەر نەوتی هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت، بەغدا نەیتوانیوە سوود لە نەوتی خۆی وەربگرێت تاوەکو بێت سوود لە نەوتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت."
ئیمینکی باسی لەوەشکرد: هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا لاواز دەبێت ئەوەش ئەوکاتەیە کە لایەنە کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستان پەرتەوازەبن، ئەو ناتەباییەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە بووەتە هۆکاری ئەوەی بەغدا ئەو بڕیارانە دژ بە هەرێمی کوردستان دەربکات، هەرێمی کوردستان بێ دەسەڵات نییە و کارتی گوشاری بەدەستەوەیە بتوانێت دژی بەغدا بەکاریبهێنێت. گوتیشی، "ئەگەر ئێمە دەرفەت نەدەین، بەغدا ناتوانێت بڕیار دژی هەرێمی کوردسان دەربکات."
سەبارەت بەو بڕیارانەی دژ بە هەرێمی کوردستان دەرکراوە، جەعفەر ئیمینکی باسی لەوە کرد، "دەبێت بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی عێراق جێبەجێبکرێن، بۆیە پەرلەمانی کوردستان ناتوانێت کۆبوونەوەکانی بکات، بەڵام بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی عێراق چەند کەلێنێکی تێدایە و دەبوو چارەسەری تێدابووایە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەدات، بەڵام دوای راوێژ و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، دەبێت زەمینەسازی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بکرێت دواتر هەنگاوی لەبارەوە بنرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ