سەرۆکی شارەوانیی خورماتوو لە پۆستەکەی سڕکرا

13-04-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە تۆمەتی گەندەڵی و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی گشتی، سەرۆکی شارەوانیی خوومارتوو  بۆ 60 رۆژ لە پۆستەکەی سڕکرا. 
 
بە گوێرەی نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، رۆژی 9ـی ئەم مانگە بەدر مەحموود فەحل، پارێزگاری سەلاحەدین، بڕیاریداوە بۆ 60 رۆژ مەرعی رەشید سەمین، سەرۆکی شارەوانی خورماتوو لە پۆستەکەی سڕبکات.
 
ئەو بڕیارەی پارێزگاری سەلاحەدین پاڵپشتە بە نووسراوێکی بەشی کاروباری یاسایی پارێزگاکە، کە بەگوتەی ئەوان، سەرۆکی شارەوانی خورماتوو دەرخستەی پرۆژەی ساختەی بۆ ئەندامانی لیژنەی پرۆژەکان لە قەزاکە کردووە و زیانی لە بەرژەوەندی گشتی داوە. 
 
بۆ ئەوەی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان بە دروستی بەڕێوەبچێت، داوا لە پارێزگار کراوە بۆ 60 رۆژ سەرۆکی شارەوانی خوومارتوو لە پۆستەکەی دووربخاتەوە. 
 
یاسین داودی، نوێنەری خوورماتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆکی شارەوانی خورماتوو، بە نەتەوە عەرەبە، بەڵام لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو پۆستەی وەرگرتووە.
 
یاسین داودی دەڵێت، ئەو بەرپرسە بۆ دوو مانگ دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی بۆ کراوە، لیژنەکەی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکهێندراوە، ئەمڕۆ لە لیژنەی دەستپاکیی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین گوتەی خۆی پێشکێش دەکات.
 
نوێنەرە کوردەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت دەکاتەوە ئەو کارە  "دنەدان و سیاسییە". 
 
قەزای خورماتوو یەکێکە لە ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان و لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە