رووداو - زاخۆ
رێوشوێنی تەندروستی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە زاخۆ زیادیکردووە، تیمەکانی تەندروستی نەک هەر پلەی گەرمای گەشتیاران دەپێون، بەڵکو ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە تورکیاوە دێنە هەرێمی کوردستان بە ماددەی تایبەت پاکدەکرێنەوە. بەپێی ئامارەکان لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل 100 کارمەند بۆ پشکنین و تاقیکردنەوەی تەندروستی تەرخانکراون.
لوقمان ئهحمهد، کارمەندی تەندروستی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەڵێت، "بێهێزی و کۆکە و بەرزبوونەوەی پلەی لەش سێ نیشانەی سەرەکین و ئەگەر ئەو نیشانانە لە هەرکەسێکدا ببینین، دەینێرین بۆ بنکەی تەندروستی".
رۆژانەی نزیکەی 600 بارهەڵگر دێنە ناوەوە و دەرمانی تایبەتیان پێدا دەڕشێنرێت و پاک دەکرێنەوە.
د. نهشوان عهبدوڵڵا، پزیشکی تایبەتمەند لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماددەیەکی پاککەرەوە بەکاردەهێنین کە ڤایرۆس دەکوژێت و ناهێڵێت بگوازرێتەوە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر مرۆڤ دابنێت".
لەبەر رێگریکردن لە گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تورکیا ناهێڵێت شۆفێرەکانی بێنە نێو هەرێمی کوردستانەوە.
بایز مۆستهفا، شۆفێرێکی خەڵکی باشووری کوردستانە و دەڵێت، "گومرکی تورکیا هێڵی سووری داناوە و ناهێڵن لە چوار تاوەکو پێنج مەتر لە شۆفێرە تورکەکان نزیک ببینەوە. ئۆتۆمبێلەکانمان بۆ جێدەهێڵن و دواتر ئێمە دەیانهێنینە نێو هەرێمی کوردستانەوە".
هەموو کەلوپەلەکانی خواردن و خواردنەوە و بەکارهێنان لە تاقیگەی کۆنترۆڵی جۆری پشکنینیان بۆ دەکرێت.
كامى كهمال، بەرپرسی راگەریاندنی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل باس لەوە دەکات، "ئێرە فلتەری تەندروستیی هەیە و هەموو کەلوپەل و کاڵایەک دەپشکنین".
بەپێی ئاماری دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، زیاتر لە 100 کارمەندی تەندروستی لە دەروازەکەدا خەریکی پشکنینی کەلوپەلەکانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ