کۆبوونەوەی سوودانی و سەرۆکی ئەڵمانیا: 'باسی کێشەی حیزبەکان لەسەر گازی هەرێمی کوردستان کراوە'

13-01-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
لێدوانی سالار محەممەد ئەمین، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق بەوەکالەت بۆ رووداو
لێدوانی سالار محەممەد ئەمین، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق بەوەکالەت بۆ رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە چوارچێوەی سەردانەکەیان بۆ ئەڵمانیا شاندی عێراق، بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێرا لەگەڵ واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، سالار محەممەد ئەمین، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق بەوەکالەت کە لە کۆبوونەوەکە بەشداربوو بە رووداوی گوت، باسی دۆخی شنگال، رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان کراوە. 
 
سالار محەممەدئەمین ئاماژەی بەوە کرد، محەممەد شیاع سوودانی بە واڵتەر شتاینمایەر گوت، لە پەرلەمان کێشەی نەوت و گازی نێوان بەغدا و هەولێر بە رێککەوتنی سیاسی چارەسەر دەکەین. بۆ ئەم مەبەستە یاسایەک دەردەکەن. 
 
بەگوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق بەوەکالەت، سەرۆکی ئەڵمانیا پرسیارێکی "زۆر گرنگ"ی کرد کە بەلای ئەوەوە سەرنجڕاکێش بووە و گوتی: "کێشەی گازی هەرێمی کوردستان لەنێوان حیزبەکان نابێتە کێشەیەکی گەورە؟" سەرۆکوەزیرانیش وەڵامی دایەوە و گوتی: "ئەوەش لە چوارچێوەی دەستووری عێراق چارەسەر دەکەین، کە نەبێتە کێشەی گەورە." 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سالار محەممەد ئەمین، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق بەوەکالەت: 
 
رووداو: لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بۆ عێراق چوونە لای سەرۆکی ئەڵمانیا، کە کۆبوونەوەکەدا باسی چی کرا؟
 
سالار محەممەدئەمین: ئەمڕۆ سەردانی سەرۆکی ئەڵمانیامان کرد بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەگەڵ شاندێک کە پێکهاتبوون لە وەزیری کارەبا، وەزیری دەرەوە، وەزیری پیشەسازی و وەزیری کۆچ و کۆچبەران و بەندە. زۆر بەخێرهاتنی گەرمی کردین. سەرۆکی ئەڵمانیا زۆر شارەزایی لەبارەی عێراقەوە هەبوو. بە تایبەتی لە بوارەکانی سەربازی، سیاسی و ئابووری. 
 
جەختی لەسەر سێ خاڵی سەرەکی کردەوە. لەوانە بەردەوام دەبن لە شەڕ لە دژی داعش. هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ عێراق بەردەوام دەبێت. دووەم هاوکاری عێراق دەکەین لە بنیاتنانەوەی ئەو شوێنانەی بە دەستی داعش وێران بوون. هەروەها پاڵپشتی بەرنامەی حکومەت و سەرۆکوەزیران دەکەین.
 
رووداو: لە کۆبوونەوەکەدا چۆن باسی کورد کرا؟
 
سالار محەممەدئەمین: سەرۆکی ئەڵمانیا لە سەرۆکوەزیرانی عێراقی پرسی، کێشەیەکی زۆر لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەنددا هەبووە، ئێوە بەرنامەتان چییە بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانتان؟ گوتی ئێمە پێمانخۆشە ئەو پەیوەندییە دروست ببێتەوە بۆ بەرژەوەندی هەردوولا. 
 
جەنابی سەرۆکوەزیران زۆر بە راشکاوانە وەڵامی دایەوە گوتی، رێککەوتنی سیاسیمان بۆ ئەو مەسەلەیە هەیە. زۆر کار دەکەین بۆ ئەوەی هەموو کێشەکانمان بەپێی دەستوور چارەسەر بکەین. بە تایبەتی لە بواری نەوت و گاز. کە ئەو دۆسیەیە ببەینە پەرلەمان و یاسای بۆ دەربکەین. جگە لەوەش باسی لەوەکرد. کە چۆن یارمەتی ناوچەی شنگال و ئێزدییەکان بدەین، جەنابی سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە کە لە دوای ساڵی 1975ەوە زەوی لەسەر ئێزدییەکان تاپۆ دەکرێت. 
 
سەرۆکی ئەڵمانیا جەختی لەسەر یارمەتیدانی کەمینەکان کردەوە، سەرۆکوەزیرانیش پێیڕاگەیاند، کە ئێمە بە هەموو شێوەیەک یارمەتییان دەدەین. بەڵام پرسیارێکی زۆر گرنگی کرد، بە داخەوە جێگەی سەرنجڕاکێشان بوو. گوتی: "کێشەی گازی هەرێمی کوردستان لەنێوان حیزبەکان نابێتە کێشەیەکی گەورە؟" سەرۆکوەزیرانیش وەڵامی دایەوە و گوتی: "ئەوەش لە چوارچێوەی دەستووری عێراق چارەسەر دەکەین کە نەبێتە کێشەی گەورە." ئەوەش یەکەمجارە سەرۆکی ئەڵمانیا بە زەقی باس لە کێشەیەکی لەو جۆرە بکات. بە راستی ئەوە زۆر گرنگە کە هەرێمی کوردستان چاوێک بە پەیوەندییە نێوخۆییەکانیدا بخشێنێتەوە. ببنە نموونەیەکی جوان بۆ ناوەند کە بتوانن ئەو کێشانە چارەسەر بکەن.
 
رووداو: چ گرێبەستێکتان لەگەڵ کۆمپانیای سمێنس واژۆ کرد، کۆمپانیای دیکەی ئەڵمانیتان بینیوە؟
 
سالار محەممەدئەمین: سەرۆکوەزیران داوای لە سەرۆکی ئەڵمانیا کرد لە بواری گاز و نەوت و پترۆکیمیا یارمەتیمان بدەن. لەگەڵ کۆمپانیای سمێنس چەند گرێبەستێکمان واژۆ کرد، هەروەها لەگەڵ کۆمپانیای لۆفتانزا کۆبووینەوە کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بواری فڕۆکەوانی ئەوروپا پێنیانخۆشە چاوخشاندنەوە بە کارەکانیان لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی عێراق بکەن لە بواری راهێنان و پێشخستن و هاتووچۆ، کە ئەمە شتێکی زۆرباشە، زۆریش ئارەزووی دەکەن. لوفتانزا ئامادەیی دەربڕی یارمەتی عێراق بدات. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە