مەزڵووم عەبدی: داوا لە هەرێمی کوردستان دەکەین هاوکاربن بۆ یەکهەڵوێستی کورد لە رۆژئاڤا

12-12-2024
سیروان عەباس
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە داوای هاوکاری لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی هەڵوێستی هێزە کوردییەکان لە رۆژئاڤا ببنە یەک و "بە بەهێزی دانوستاندن لەگەڵ شام بکەن".
 
مەزڵووم عەبدی بە میدیای رۆژئاوای کوردستانی راگەیاند، "ئەم رەوشەی ئێستا هەڕەشەیە بۆ سەر کورد، پێویستە هێزە کوردییەکان پێکەوە دانیشن و رای خۆیان یەکبخەن".
 
مەزڵووم عەبدی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەڵەیە بە‌شێکی کورد لەگەڵ ئیئتیلافی سووریا بن و بە جیا بچنە شام و بەشەکەی دیکەش کە لەسەر خاکدان و هێزیان هەیە تەنیا بمێننەوە و پێیوایە ئەمە زیانە بۆ کورد. 
 
دەشڵێت: "پێویستە هەڵوێستی کورد یەک بێت، ئەو ئەزموونەی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیەتی ئێمە دووبارەی نەکەینەوە. لەنێوخۆدا هەر کێشەیەکمان هەبێت، با لە شام یەکبین".
 
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، داوای هاوکاری لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیش هاوکار بن و هەڵوێستێکی ئەرێنییان هەبێت بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین هەڵوێستی هێزە کوردییەکان لە رۆژئاڤا یەکبخەین و بەهێزەوە لەگەڵ شام دانوستاندن بکەین".
 
لەبارەی شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش گوتی: "لە بەنداوی تشرین شەڕ بەردەوامە بەڵام لە پردی قەرەقۆزاخ و منبج شەڕ وەستاوە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتن کراوە کە هێزی سەربازی لە منبج بچنە دەرەوە و هێزی مەدەنی شارەکە بەڕێوەببەن، بەڵام پێموایە لایەنی بەرامبەر کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، پابەندی رێککەوتنەکە نەبن".
 
عەبدی دەڵێت: "لە قەرەقۆزاخەوە هێرشیانکرد و ویستیان کۆبانێ گەمارۆ بدەن، بەڵام هێزەکانمان رێگری لێکردن، ئێستا دۆستەکانمان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی رێگە نەدەن تورکیا کارێکی وا بکات. ئێمە بەتەنیا نین و زۆر هێزی نێودەوڵەتی لەگەڵمانن و دەمانەوێ ئەو ئاگربەستەی منبج ببێتە ئاگربەستێکی گشتی".
 
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا ئارامییەک لەنێوان ئێمە و دەستەی تەحریری شام هەیە، رووباری فورات لەنێوانماندایە و ئەوان ناپەڕنەوە ئەمبەر و ئێمەش ناپەڕینەوە ئەوبەر، لەسەر ئەوە رێککەوتنی سەرەتایی هەیە و هێزەکانی هاوپەیمانانیش ئاگادارن و هیوادارم نەشکێندرێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆتۆمبێلێک کە هێزەکانی هەسەدە  لە منبج تەقاندوویانەتەوە.

هەسەدە لە رۆژهەڵاتی منبج دەستی بە هێرشی پێچەوانە کرد

هێزەکانی سووریا دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و رۆژهەڵاتی منبج دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک لە دژی چەکدارانی 'سوپای نیشتمانیی سووریا' کردووە و دەیان چەکداریان کوشتووە و تانکێکیان تێکشاندووە. هەروەها چەند گوندێکیان رزگار کردووە.