كوڕەكەی خۆی كوشت و دوو رۆژیش لە پرسەكەی دانیشت

12-12-2019
تریسكە شێرزاد
نیشانەکردن داقوق
A+ A-
رووداو - هەولێر 

حەسەن بە باوكی گوتبوو هاوژینەكەم نەخۆشە، ناتوانم ئەم مانگە پارەت بدەمێ، باوكی بەم قسەیە تووڕە دەبێ‌ و گوللەیەك لە حەسەن دەدات و دەیكوژێت. بكوژەكە بۆ ئەوەی هاوژینی كوڕەكەی سكاڵای لەسەر تۆمار نەكات، بەشێك لە سەروەت و سامانەكەی دەداتە نەوەكانی.
 
ئەم رووداوە رۆژی 28/11/2019 لە قەزای داقوق روویداوە، پیاوێكی تەمەن 40 ساڵ بەناوی حەسەن نەجات كە باوكی چوار منداڵ بوو، لەلایەن باوكییەوە كوژرا.
 
لویس ئەلشێخ فەندی، قائیمقامی قەزای داقوق بە(رووداو)ی راگەیاند: "دوای ئەوەی پۆلیسی قەزای داقوق لە نەخۆشخانەی داقوقەوە لە رووداوێكی كوشتن ئاگادار كرانەوە، چوونە نەخۆشخانە و تەرمەكەیان رەوانەی پزیشكی دادوەریی كەركووك كرد".
 
قائیمقامی قەزای داقوق دەڵێت تۆمەتبارەكە هێشتا دەستگیر نەكراوە، چونكە كەسوكاری قوربانییەكە سكاڵایان تۆمار نەكردووە، بەڵام پۆلیس لەبەر مافی گشتی هەر دەستگیری دەكات. بەڵام پۆلیسی داقوق ئامادە نەبوون هیچ زانیارییەك لەسەر رووداوەكە بدەن.
 
دڵشاد نەجات كە برای حەسەنە، باوكی بە "كەسێكی زۆر عەسەبی" وەسف دەكات و دەڵێت: "زوو زوو تووڕە دەبێت". بە گوتەی دڵشاد، ئەوشەوە دەمەقاڵییەك كە نازانن لەسەر چی بووە، لە نێوان باوكی و براكەی روویداوە. براكەی هەڕەشەی خۆكوشتنی كردووە، باوكیشی لەو كاتەدا تووڕە بووە و تەقەی لە حەسەن كردووە.
 
دڵشاد رەتیكردەوە پێشتر هیچ كێشەیەك لە نێوان باوكی و براكەیدا هەبووبێ‌ و گوتی: "تەنیا دەمەقاڵەیەكی سادە بووە، باوكیشم لەبەر ئەوەی كەسێكی زۆر تووڕەیە، كلاشینكۆفەكەی هێناوە و تەقەی لێكردووە".
 
كەسوكاری حەسەن سكاڵایان تۆمار نەكردووە و بەنیازیش نین تۆماری بكەن. دڵشاد گوتی: "بەهیچ جۆرێك سكاڵا لەسەر باوكم تۆمار ناكەین، چونكە ئەو مەبەستی كوشتنی براكەم نەبووە، ئەو كاتە تووڕە بووە و تەقەی كردووە". بەڵام دراوسێیەكی ماڵی حەسەن كە نەیویست (رووداو) ناوی بڵاوبكاتەوە، بە جۆرێكی دیكە باسی رووداوەكەی كرد و گوتی ماڵەكەیان لە نزیك ماڵی حەسەنە، كاتێك چووەتە دەرەوە دراوسێكانی گوتوویانە، نەجات كوڕەكەی خۆی كوشتووە، ئەویش بە پەلە چووبوو بۆ ماڵی نەجات، بینیبووی حەسەن لەسەر زەوی كەوتووە.
 
سەبارەت بە كێشەی نێوان نەجات و كوڕەكەی، ئەو دراوسێیەیان گوتی: "نەجات ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری هەیە، تایەكانی ئۆتۆمبێلەكەی گۆڕیبوو، هەندێك خەرجی دیكەشی لێكردبوو، داوای پارەی لە سێ‌ كوڕەكەی دیكەی كردبوو، ئەوان پارەیان دابووە باوكیان، بەڵام حەسەن نەیدابوو، لەسەر ئەوە بووبووە كێشەیان".
 
وەك ئەو دراوسێیەیان باسی دەكات، حەسەن بە باوكی گوتووە ئەم مانگە ناتوانم پارەت بدەمێ‌، چونكە هاوژینەكەم نەخۆشە و بردوومەتە پزیشك و پارەیەكی زۆرم خەرج كردووە، بەڵام باوكی بەو قسەیە تووڕە بووە و تەقەی لێكردووە.
 
دراوسێكەی ماڵی حەسەن دەڵێت: "هاوژینەكەی حەسەن ماوەیەكە نەخۆشە، مانگی پێشوو بردبووی بۆ ئێران، هەفتەیەك لەوێ‌ مابوونەوە، پارەیەكی زۆریان لە سەردانی پزیشك خەرج كردبوو، بۆیە حەسەن پارەی پێنەبوو بیداتە باوكی". 
 
گوتیشی: "نەجات دوو رۆژ لە پرسەی كوڕەكەی دانیشت، بەردەوام دەیگوت زۆر پەشیمانم، بەڵام بە دەست خۆم نەبووە و زۆر تووڕە بووم".
 
سەبارەت بە تۆمارنەكردنی سكاڵا لەسەر نەجات، دراوسێكەیان دەڵێت: "لە نێو كاكەییەكان كاتێك رووداوێكی لەو شێوەیە روودەدات، ریشسپی و پیاوماقوڵەكانیان كۆدەبنەوە، بەشێوەی عەشایری كێشەكە چارەسەر دەكەن، بۆ ئەوەی حەسەنیش هەر وایان كرد، سێ‌ رۆژ دوای مردنی حەسەن لەنێو خۆیاندا كۆبوونەوە و كێشەكەیان چارەسەر كرد".
 
دراوسێكەیان باسی چۆنێتی چارەسەری كێشەكە دەكات و دەڵێت: "ئەوان بە نەجاتی باوكی حەسەنیان گوت بۆ ئەوەی  ژنەكەی سكاڵای لەسەر تۆمار نەكات، دەبێت بەشێك لە سەروەت و سامانەكەی بداتە منداڵەكانی حەسەن، ئەویش رازی بوو، هەر ئەو رۆژە بەشێك لە سەروەت و سامانەكەی دایە نەوەكانی، بەڵێنەكەش زارەكییە و پێویستی بەوە نییە منداڵەكان بچن ئەو زەوییە لەسەر خۆیان تاپۆ بكەن، چونكە لە نێو ئێمەدا كەس ناتوانێ‌ لە بەڵێنەكەی خۆی پاشگەز ببێتەوە".
 
بەڵام ئەو سوڵحە نەجاتی لە كێشەكە رزگار نەكرد، ئێستا پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێ‌ بۆ ئەوەی دەستگیری بكات، چونكە لە تاوانی كوشتندا جگە لە مافی كەسی، مافی گشتیش هەیە و ئەگەر نەجات دەستگیر بكرێ‌ و تۆمەتی كوشتنی كوڕەكەی بەسەردا ساغ ببێتەوە، رەنگە چەند ساڵێك لە بەندیخانە بمێنێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە