رووداو دیجیتاڵ
فەرمانبەرێکی کارەبای سلێمانی "بەهۆی دزینی بڕێک پارەوە" نزیکەی دوو هەفتەیە دەستگیرکراوە و بەڕێوەبەری بەشەکەشی وەک شایەت بۆ لێکۆڵینەوە بانگکراوە.
ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئەو فەرمانبەرەی گیراوە ناوی (س)ـە و فەرمانبەرە لە بەشی ژمێریاری فەرمانگەکەمان، دوو هەفتەیە لە لایەن ئاسایشەوە گیراوە، هەروەها بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاریش وەک شایەت بانگکراوە و لێپرسینەوەکە تەنیا بۆ ئەوە بووە کە ئەو بەرپرسە چۆن ئاگاداری ئەو بابەتە نەبووە؟".
بەرێوەبەری کارەبای سلێمانی دەڵێت، "نازانن بڕی پارە دزراوەکە چەندە"، بەڵام رووداو زانیویەتی نزیکەی دوو ملیار دینار دەبێت و لەگەڵ دەستگیرکردنی فەرمانبەرەکەشدا، گوتوویەتی "ئامادەم 400 ملیۆن دینار بگەڕێنمەوە".
ئەو پارەیەی کە نەماوە، پارەی داهاتی کارەبا نییە. ئەنوەر حەمەسەعید بەڕێوەبەری کارەبا دەڵێت، "پارەی پرۆژەکانە".
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی بە رووداوی گوت، هێشتا لێکۆڵینەوە دەکەن لە دیارنەمانی پارەکە و بە دروستی نازانن چەند دزراوە. گوتیشی، "سێ کەس لەسەر کەیسەکە دەستگیرکراون، بەڵام دواتر دووانیان بە کەفالەت ئازادکراون و یەکێکیان کە تۆمەتباری سەرەکییە، لە لێکۆڵینەوەدایە و پێدەچێ خەڵکی دیکەش تێوەگلابن".
سەبارەت بە چۆنیەتی ئاشکرابوونیشی، بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی دەڵێت: "خۆیان لە رێگەی لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە بە وەسڵەکانیاندا بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو پارەیە دیارنەماوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ