رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد تەمەنی 5 ساڵە و یەکێکە لەو 17 منداڵە ئۆتیزمەی کە دوای راهێنان و شیاندنەوە لە سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم، دەستنیشانکراوە بۆ ئەوەی ئەمساڵ بچێتە خوێندن و لە باخچەی ساوایان بخوێنێت. ئەحمەد نزیکەی دوو ساڵ لەو سەنتەرە راهێنانی پێکراوە.
چرا عەبدولسەلام، دایکی ئەحمەد دەڵێت، "کە لە دوو ساڵ و پێنج مانگ داخڵی سەنتەرمان کرد، ئینجا وردە وردە باش بوو، یەکەمجار وشەی گوت، دواتر رستە، ئینجا وردە وردە ئێستا تێدەگات، کە دەیبینم ئاوایە ئەوە خەون بوو بۆ من ئەو رۆژە، بەڵام ئێستا سوپاس بۆ خودا راستییە."
سکارلێت، منداڵێکی دیکەیە لەو 17 منداڵە ئۆتیزمە، ئەو بە دیاری و بڕوانامەکەی زۆر دڵخۆش و ئارام دیارە، ئەم کچە تەمەنی 7 ساڵە و دووانەیە، لەگەڵ برایەکی هەردووکیان ئۆتیزمن، پێش ئەوەی راهێنانی پێبکرێت، سکارلێت نەیدەتوانی باش قسە بکات، بەڵام ئێستا دوای ساڵ و نیوێک لە راهێنان، توانای قسەکردنی زۆر باشبووە و ئەمساڵ دەچێتە قوتابخانەیەکی ئاسایی.
شیلان سۆریش، دایکی سکارلێت بە رووداوی گوت، "ساڵێک و نیو داماننا لەو سەنتەرە، بێگومان سکارلێت زۆر سوودی لێبینی، پێش ئێستا ئەو باشبوو و باشنەبوو، یانی زۆر زۆر لەو خراپانە نەبوو، بەس کوڕەکەم زۆر خراپ بوو، بێگومان ئەویش لەدوای راهێنان باش بوو."
بەم 17 منداڵە دەبێتە 30 منداڵ لە کۆی گشتی کە لە ماوەی 3 خولدا لەلایەن سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم نێردراونەتە ناوەندەکانی خوێندن.
دکتۆر رەوشت رەشید، سەرپەرشتیاری سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم باسی لەوە کرد، "پێوەرێکی تایبەتمان هەیە کە 92 پرسیارە، ئەم پێوەرە جیهانییە دانراوە، دوای ئەوەی راهێنان بە منداڵەکان دەکەی، لە کۆتایی راهێنانەکە دوای ساڵێک یان دوو ساڵ دێیت ئەو پێوەرە بەکاردێنی بزانی کە ئایا چ نمرەیەک دێنن، ئەگەر گەیشتنە ئەو نمرەیەی کە لەسەری رێککەوتوون لەسەر پێوەرە جیهانییەکان، ئەوە ئێمە بڕیار دەدەین کە ئەوە دەتوانێت بڕواتە قوتابخانە یان باخچەی ساوایان."
تاوەکو ئێستا لەو سەنتەرە نزیکەی 200 منداڵی ئۆتیزم لەلایەن ستافێکی 38 کەسی راهێنانیان پێکراوە. ئەسما ئەمین، بەڕێوەبەری سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم ئاماژە بەوە دەکات، "هیچ بڕە پارەیەک لەو خانەوادانە وەرناگیرێت، ئەو خانەوادانەی کە فۆرمی ئێرە پڕدەکەنەوە، لیژنەیەکی تایبەتمەند دەڕوات سەردانیان دەکات."
لە هەرێمی کوردستان شەش سەنتەری حکومیی راهێنانی ئۆتیزم هەیە و لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگەپێدان دراوە بە 38 سەنتەری تایبەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ