بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خۆی تۆمارکرد

12-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە کۆمیسیۆن خۆی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی بزووتنەوە دەڵێت لە هەموو بازنەکانی هەڵبژاردن بەربژێریان دەبێت.
 
کازم عوسمان گەچێنەیی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2024، لە ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق خۆمان وەکو کیانێکی سیاسیی بۆ بەشداریکردن لە خوولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرد.
 
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان گوتی: "ئێمە پێشتر بەهۆی نەبوونی سازان و لێکتێگەیشتن و یەکدەنگی لەبارەی هەڵبژاردنەوە بڕیاریماندابوو بەشداری نەکەین، بەڵام ئێستا کە تاڕادەیەکی باش لێکتێگەیشتن و سازان لەنێوان لایەنەکان بەردەستە، بڕیارماندا بەشداری بکەین."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی بزووتنەوە لە چوار بازنەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە) بەربژێریان دەبێت. 
 
گەچێنەیی گوتی ئەوان هێشتا لیستی بەربژێرانیان بە تەواوەتی ئامادە نەکردووە و سەرقاڵی رێکخستنی ئەو لیستەن. 
 
دووشەممە 8ـی نیسانی 2024 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە تیروپشکێکدا ژمارەی دایە بەربژێرە سەربەخۆکان، هاوپەیمانی و حیزبەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
رێکارەکانی کۆمیسیۆن لەکاتێکدابوو رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکرابوو. بەڵام ئەو کات پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامیش بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردن راگەیاند.
 
20ـی ئایاری 2024 دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت بەوەش ژمارەى کورسى گشتى لە سێ پارێزگاى هەرێمى کوردستان کەمبوونەوە، بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 95 کورسیی گشتی و 5 کورسیی پێکهاتەکان هەیە.

 

ئێستا بۆ وادەی نوێ کۆمیسیۆن چاوەڕوانی مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە پێشنیازیکردبوو مانگ ئەیلوول هەڵبژاردن بکرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ئەوقاف: هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت خاوەنەکەی سزا دەدەرێت

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، لە زۆربەی هۆڵەکانی هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە رۆژێک پرسە بەڕێوەدەچێت کە خۆی دەبێت یەک رۆژ بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت، خاوەنەکەی بە تووندی سزا دەدەرێت."