رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، پەرلەمانی کوردستان تاوتوێی بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی کوردستان دەکات. ئەندامێکی لیژنەی وزە و سامانەسرووشتییەکانیش دەڵێت، "نۆ راسپاردە رادەستی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی دەکرێت."
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان پەیوەستە بە خستنهڕوو و گفتوگۆكردنی راپۆرتی لیژنهی وزه و سامانهسرووشتییهكان و پیشهسازی و بازرگانی، سهبارهت به گرانیی بازاڕ و بهرزبوونهوهى نرخی پێداویستیى رۆژانهی هاووڵاتییان کە وهزیرى بازرگانی و پیشهسازیش ئامادە دەبێت.
بەختیار شوکری، ئەندامی لیژنهى وزه و سامانەسرووشتییهكان و پیشهسازى و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "ئەو راپۆرتە بە هاوبەشی لەگەڵ لیژنهى كاروبارى تهندروستى و ژینگه و مافی بەکاربەر ئامادەکراوە و تێیدا ئاماژەمان بە هۆکارە سەرەکییەکانی گرانبوونی نرخی کەلوپەل و خۆراک کردووە."
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "بەشێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە دەرەوەی ئیرادەی هەرێمی کوردستانە و بەشێکیش پەیوەستە بە دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کە 23%ـی نرخەکانی لەسەر خەڵک گرانکردووە."
بە گوتەی بەختیار شوکری، "کۆمەڵێک راسپاردەیان لە راپۆرتەکەدا گونجاندووە کە پەیوەستن بە سیاسەتی ئابووریی هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆ ئاراستەی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستانی دەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کاریان لەسەر بکات."
ئەو ئەندامەی لیژنهى وزه و سامانەسرووشتیهكان و پیشهسازى و بازرگانی ئاماژەی بە ناوەڕۆکی راسپاردەکان کرد و گوتی، "بەشێکی پەیوەندی بە قۆرخکارییەوە هەیە و بەشێکی دیکەی پەیوەستە بە سیاسەتی پیشەسازی و بەرهەمی خۆماڵی و بەشێکشی پەیوەستە بە باج و رسوماتی سەر بازرگانان و خاڵە سنوورییەکان."
بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا سەرجەم ئەو راسپاردانە بخرێنە بەرباس و دواتر لە رێگەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە ئاراستەی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێن.
دوێنێ هەردوو لیژنەی "وزە و سامانەسروشتیەكان و بازرگانی و پیشەسازی" و لیژنەی "تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر" کۆبوونەوە و دوا گۆڕانکارییەکانیان لەسەر راپۆرتی گرانی بازاڕ ئەنجامدا و راپۆرتەکە رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانکرا.
دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانیش کە وەزیری بازرگانی و پیشەسازیش تێیدا ئامادە دەبێت تەرخانکراوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو راپۆرتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ