ئەو هاونیشتمانییەی دەڵێت لە 'هێلیكۆپتەر خراوەتەخوارەوە' سكاڵا دژی توركیا تۆمار دەكات

12-06-2021
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نۆ مانگ بەر لە ئێستا هاونیشتمانییەکی باكووری كوردستان رایگەیاند، لەگەڵ کەسێكی دیکە كە خەڵكی پارێزگای وانە "لەلایەن سەربازانی توركیا لە هێلیكۆپتەر خرانە خوارەوە" و یەكێكیان گیانی لەدەستدا و ئەوی دیكەشیان بەسەختی برینداربوو.
 
هاونیشتمانییە بریندارەكە سكاڵا لە دژی تۆماركرابوو. ئەویش دوێنێ سكاڵای دژی سەربازەكان تۆماركرد. 
 
عوسمان شیبان، ئەو هاونیشتمانییەی کە دەڵێت، رۆژی 11ی ئەیلوولی 2020 لە هێلیكۆپتەر لەگەڵ هاوڕێیەكی بە ناوی سەروەت تورگوت لە "هێلیكۆپتەر خرانە خوارەوە"، دوێنێ بۆ وەرگرتنی گوتەكانی سەردانی داواكاری گشتیی كۆماریی لە پارێزگای وان كرد. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمیی تورکیا هەواڵی خستنەخوارەوەی ئەو هاونیشتمانییانەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.
 
شیبان سكاڵای دژی سەربازەكان تۆماركرد، دوای ئەوەی ئاگادار كرایەوە كە سكاڵا و داوای یاسایی دژی تۆماركراوە و تۆمەتی "بانگەشەكردن بۆ تیرۆر" خرابووە پاڵی. 
 
لەوبارەیەوە قادر كوتەڤی، ئەندامی سەندیكای پارێزەرانی وان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عوسمان شیبان هێندە ئازار و ئەشكەنجەی درابوو کە دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بۆ ماوەی 20 رۆژ ئاگای لەخۆی نەبوو. ئێستاش قەدەخەی چوونە دەرەوەی توركیای بەسەردا سەپێنراوە و تۆمەتی بانگەشەكردن بۆ تیرۆری خراوەتەپاڵ، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بۆ راگەیاندنەكان قسەی كردووە و بابەتی خستنەخوارەوە و ئەشكەنجەدانی وروژاندووە". 
 
كوتەڤی كە هاوكات پارێزەری عوسمان شیبانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بریكارەكەی بۆ ماوەیەكی زۆر لەلایەن ژمارەیەك سەربازەوە بەردەوام ئازار و ئەشكەنجە دراوە. وێڕای ئەوەی لە رووی فیزیكییەوە لە دۆخێكی خراپدایە، هاوكات لە رووی دەروونیشەوە تووشی ترۆما بووە و هەر كاتێك سەربازێك یان پۆلیسێك ببینێت دۆخی تێكدەچێت و ترس و دڵەڕاوكێ دەیگرێت". 
 
رۆژی 24ی ئەیلوولی 2020 نایف تورگوت، برای سەروەت تورگوت بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە بوولتەنێکی هەواڵەكانی رووداو بەشداربوو و بە هێڤیدار زانا، بێژەری رووداوی راگەیاند، "لە ساڵی 1978ـەوە گوندەكەیان چۆڵكراوە و لە مێرسین نیشتەجێن. دوای 20 ساڵ لە چۆڵکردنی گوندەکەیان، رۆژێک لە وەرزی دروێنەدا گەڕاونەتەوە. بەهۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی پەكەكە سەربازەكان بەردەوام لەو ناوچانەدابوون و رۆژێك ژمارەیەكی زۆر سەرباز پرسیاریان لە براكەی و عوسمان شیبان و سەروەت تورگوت كردووە و براکەیان و سەروەت تورگوتیان بەتۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ تیرۆر دەستگیركردووە و پاشان ئازار و ئەشكەنجەیان داون و بەو هۆیەوە سەروەت گیانی لەدەستداوە". 
 
دوای ئەوەی نووسراوی سكاڵای هێزە ئەمنییەكانیان پێگەیشتبوو، بەپاساوی ئەوەی عوسمان شیبان بۆ راگەیاندنەكان قسەی كردووە و تۆمەتی خستووەتە پاڵ سەربازەكان، پارێزەرەکانی بەڵگەی نەخۆشخانەیان بە داواكاری گشتیی كۆماریی نیشاندا بۆئەوەی بیسەلمێنن، كە دۆخی تەندروستیی باش نییە، بەڵام توانای قسەكردنی هەیە و دەتوانێت گوتەكانی بدات و بۆ سكاڵاكردن بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە