کوردستان
ئەو شەپۆلە بارانە بەخوڕ و ئەو رەشەبایەی چەند رۆژێک لەمەوبەر کەشناسان پێشبینیان کردبوو، ئەمڕۆ گەیشتنە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و کاریگەرییەکانی لەسەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای دهۆک، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆک رایگەیاند سبەی لە سنووری پەروەردەکانی: ئامێدی، ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخان پشووی فەرمییە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆک، ئەمشەو (چوارشەممە، 12-4-2023) لە راگەیەنراوێکدا، گوتی "بەهۆی رەوشی کەشوهەوا و بارانبارینی زۆر لەو دەڤەرانە، هەروەها کاریگەرییان لەسەر رێگەکانی هاتن و چوون و بە راوێژ لەگەڵ وەزیری پەروەردە و پارێزگای دهۆک و قایقامی ئەو قەزایانە، بەو دەسەڵاتانەی پێماندراوە، بڕیارمان دا سبەی لە سنووری پەروەردەکانی ئامێدی، ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخان پشووی فەرمی بێت".
ئەو شەپۆلە بارانە بەخوڕ و ئەو رەشەبایەی چەند رۆژێک لەمەوبەر کەشناسان پێشبینیان کردبوو، ئەمڕۆ گەیشتنە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی کاریگەریی لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک، هەروەها قەزای خەبات لە سنووری هەولێر هەبوو و زیانی بە چەندین ماڵ و دووکان گەیاندووە، هەروەها لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش بووەتە هۆی داخرانی رێگا سەرەکییەکان.
هەر بەهۆی ئەو بارانە و داخرانی رێگاکان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سبەی پشووی فەرمی راگەیەنرا.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای سبەییشەوە هۆشداری داوە و دەڵێت، پێنجشەممە بارانی بەخوڕ و تەرزە دەبارێت و ئەگەری رەشەبای بەهێز هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ