بێگەرد تاڵەبانی: 8 بەنداومان هەن و 11ـی دیکەش دروست دەکەین

12-02-2024
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت، ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی هەشت بەنداوە، لە ئایندەیەکی نزیکیشدا 11 بەنداوی دیکە دروست دەکەن.
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ئەندامی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە 11یەمین لووتکەی حکومەتەکان کە لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت.
 
لە هەڤپەیڤنێکدا لەگەڵ رووداو باسی لە گرنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو لووتکەیەدا کرد و گوتی، "بەشداریکردن لەو جۆرە کۆنفرانسانەدا زۆر گرنگە".
 
بێگەرد تاڵەبانی هەروەها لەبارەی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئاماژەی بەوە کرد، "لە 3 بۆ 4 ساڵی رابردوو لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەنداوی مامناوەندمان دروست کردووە. هەشت بەنداومان هەیە و 11ی دیکەش دروست دەکەین... ئەو بەرەکەتەی خودای گەورەش، کە باران باریوە هۆکاری ئەوە دەبێ بەشێک لە بەنداوەکانمان پڕ ببن".
 

 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی:
 
رووداو: بەشداری ئێوە وەکو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنیا بۆ بەشداریکردنە، یان هاتوون شتێک لەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی وڵاتان لەگەڵ خۆتان ببەنەوە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: بێگومان وەک خۆتان دەزانن، ئەو کۆنفرانسە، کۆنفرانسێکی گەورەیە و ساڵانە دەکرێت. ئەوانەی کە بەشداری دەکەن سەرۆکی حکومەتی وڵاتانن لەگەڵ تیمی هونەریی وەزارەتەکانیان. ئەو کەسانەی لە کۆنفرانسەکە پانێلیان هەیە، خەڵکانی پسپۆڕن. بێگومان بەشداریی ئێمە، هەم لە رووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ ئەو شوێنانەی ئێمە لێرە بە یەکەوە پەیوەندی دەکەین و یەکدی دەبینین. هەمیش لە رووی پێگەی هەرێمی کوردستانەوە ئەم جۆرە کۆنفرانسانە گرنگن. جەنابی سەرۆکوەزیران وەکو سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشت کراوە، تیمێکی لەگەڵ خۆی هێناوە. تیمەکە وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی بازرگانی و دەستەی وەبەرهێنانە. ئێمە بۆ ئەوە هاتووین هەریەکەمان لە بەشێکی پانێلەکان دابەشبووین، بەپێی پسپۆڕیی خۆمان. چونکە کۆمەڵێک بابەتی تێدایە. لە هەمووی گرنگتر بابەتی گەشەسەندنی ئابوورییە. بۆ ئێمە کاریگەرە، ئێمە پێویستمان بەوە هەیە کە کاروباری خۆمان رێکبخەینەوە. تاوەکو ئەوەی بتوانین بەپێی سێکتەرە جیاوازەکان، ئەزموون وەربگرین و بگوازینەوە و سوودی لێ ببینین. لەبەرئەوە، تەنیا بەشداریکردن نییە، وەرگرتنی ئەزموونە، وەرگرتنی زانیارییە. دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ ئەو نێوەندانەی لەو کۆنفراسانە بەشدارن و بتوانین سوود لە ئەزموونیان وەربگرین.
 
رووداو: ئێستا هەرێمی کوردستان ساڵانە بەشداری چەندین کۆڕ و کۆڕبەند و لووتکەی جیهانی دەکات لە سەرانسەری جیهاندا، ئایا سوودتان لێ بینیوە؟ هەر بەڕاستی هیچ هێندراوەتەوە بۆ کوردستان؟ ئەوەی کە جەنابت باسی دەکەیت، لە رووی ئابوورییەوە بەنموونە کشتوکاڵیش بنەمایەکی سەرەکیی ئابووریی وڵاتە، ئەگەر لەسەر وەزارەتەکەی جەنابت قسە بکەی، سوودتان لەو کۆڕبەندانە وەرگرتووە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: یەکەم هەنگاو کە لێرە دەستپێدەکەی کە دێتە نێو ئەو لووتکەی کۆنفراسە جیهانییانە، پەیوەندی دروست دەکەیت کە پەیوەندی دروست بوو، ئەو پەیوەندییانە بەردەوام دەبن و دەکەوێتە سەر وەزارەتەکان. ئێستا ئێمە لەگەڵ بەشێکی زۆری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پەیوەندییەکی باشمان هەیە لە کردنەوەی خول و رەخساندنی دەرفەتی خوێندن، لە بەشداریکردن لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکان، تایبەت ئەوانەی کە لە بواری کشتوکاڵی و ئەو بەرەوپێشچوونەی لە بوار تەکنەلۆژیادا روو دەدات، هەموو ئەوانە کاریگەریی خۆیان هەیە بەدڵنیاییەوە. لێرە وەکو گوتم خاڵی پەیوەندیی نێوان وڵاتەکانە لەگەڵ یەکدیدا. بۆ نموونە من لێرە کە لەگەڵ وەزیرێکی هاوشێوەی خۆم یەک دەناسین، بە دڵنیاییەوە باسی کۆمەڵێک بابەت دەکەم کە پێویستیی وەزارەتەکەی من و حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
 
رووداو: قەت هەبووە دوایی سوود لەو پەیوەندییە وەربگرن و لەگەڵ ئەو وەزیرەی هاوتای جەنابت هیی وڵاتێکی دیکە پەیوەندییەکە درێژخایەن بێت و سوود لە یەکدی وەربگرن؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: بەشێک لەو وڵاتانەی کە خواستی ئەوەیان هەیە خۆیان بۆ نموونە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانیان بەردەوام بێت، بێگومان ئەو پەیوەندییە چووەتە پێشەوە. توانیویشمانە سوود لە یەکدی وەربگرین.
 
رووداو: وەزیری وڵاتانی دیکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵە دەکەن؟جەنابت دەزانیت عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان زۆر تووندە، زۆرجار دەگوترێ ئەوەی لە عێراق هەیە دەیەوێت هەرێمی کوردستان نەمێنێت. حکومەتەکەی بێکاریگەربێت، وەزیرەکانی بێکاریگەربن، ئەوە کاریگەریی هەیە، یان نا؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: دەزانی چۆنە، ئێستا ئێمە ئەمڕۆ لەو لووتکەیە کە بەشدارین، عێراق خۆی بەشداری نەکردووە. جەنابی سەرکوەزیرانی عێراق سەردانەکەی هەڵوەشاندووەتەوە، بە هەر هۆکارێک بێت من نازانم، بەڵام ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی وڵاتی عێراقدا بەشداریمان کردووە، بۆ نموونە سەرۆکوەزیرانی گوتاری خۆی هەبوو. جگە لەوە ئێمە لە پەراوێزی وتار و پانێڵەکاندا، وەک هەمیشە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ زۆربەی وەزیران و کاربەدەستانی وڵاتان هەبووە. ئەمساڵ من هەست بە جیاوازییەک دەکەم بەراورد بە ساڵانی رابردوو، دەکرێ بڵێم وڵاتەکان شوێنی تایبەتی خۆیانیان نییە. بەڵکو بەشدارییە لەو پانێلانەی کە دانراوە بۆ خەڵکی شارەزای وڵاتان لە هەموو بوارەکاندا، ئەو کەسانەی کە پانێڵەکان پێشکەش دەکەن زۆربەیان بۆ ئەوەیە کە ئەزموونەکان وەربگرن. بۆیە لە هەر کۆنفرانسێک کە دەبەسترێت بێگومان ئاراستە و سیاسەتی ئەو کۆنفرانسە حوکم دەکات، تۆ تاوەکو چەند دەتوانیت خۆتی تێدا بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی بتوانیت پەیوەندییەکانت ببەیتە پێشەوە. بەڵام بۆ ئێمە، خۆتان دەزانن ئێمە دەوڵەت نین، جەنابیشت ئاماژەت پێدا، دۆخی سیاسی و ئابووری ئێمە لە دۆخێکی زۆر هەستیار و ناخۆشدایە، بەڵام لە کاتێکدا تۆ کە بانگهێشتی لووتکەیەکی وا گەورەی جیهانی دەکرێی، کە سەرۆکی وڵاتان تێیدا بەشداری دەکەن، ئەمە خوێندنەوەیە بۆ هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: هێشتا هەرێمی کوردستان حیساباتێکی سیاسی، یان بابڵێین قورسی بۆ دەکرێ لە ناوچەکە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: بەدڵنیاییەوە خۆی بەشداری پێکردنت، بانگکردنت، کەواتە پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ئەو هاوکێشەیە، کە پێیدەگوترێ هاوکێشەی نێودەوڵەتی؛ خوێندنەوەی هەیە، بۆیە بەشداری پێ دەکرێ.
 
رووداو: ئەمساڵ بارانێکی باش باریوە لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو هەوڵتانداوە چەندین بەنداو دروست بکەن، سوودی هەبووە؟ ئاوی باش گلدراوەتەوە بۆ هاوین؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: سوپاس بۆ خوای گەورە، بەدڵنیاییەوە حیسابی ئەوە بکە دروستکردنی بەنداو کاتی زۆری پێویستە، لە 3 بۆ 4 ساڵی رابردوو لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەنداوی مامناوەندمان دروست کردووە. خۆتان دەزانن خەڵک قسەی لەسەر ئەوە هەیە کە هەقی خۆشیەتی، دەڵێ بۆ لە جیاتی دروستکردنی بەنداوێکی مامناوەند بەنداوێکی گەورەی ستراتیی دروست ناکەن؟ بەڵام ئێمە سەرەرای بوونی قەیرانی دارایی، سەرەڕای بودجەی وەزارەتی کشتوکاڵ بودجەیەکی تەرخانکراومان نییە، هەموو جارێک کە نووسراو دەکەین بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە سوپاسەوە وەڵامی نووسراوەکانمان لە بابەتی دروستکردنی بەنداو وەڵامدانەوەی باشی هەبووە. لەبەرئەوە، لە زۆربەی ناوچەکان ئەو بەنداوانەی دروستمان کردوون، دەبێتە 8 بەنداو، ئەو 8 بەنداوە بەڵێ بوونەتە هۆکاری گلدانەوەی ئاو، بەتەماین لە ئایندەیەکی نزیکتریش 11 بەنداوی دیکە دروست بکەین، بەس تەمویلە داراییەکە نەوەستێت ئەو یانزەی دیکەش تەواو دەبێت. من پێموایە بەڵێ هەنگاوی باش نراوە، ئەو بەرەکەتەی خودای گەورەش، کە باران باریوە هۆکاری ئەوە دەبێ بەشێک لە بەنداوەکانمان پڕ ببن.
 
رووداو: هەرێمی کوردستان لە وشکەساڵی دەرچووە، هاوینی داهاتوو تووشی وشکەساڵی نابێت؟ تووشی کەمئاوی نابێ؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: ئیشاڵڵا تووشی کەمئاوی نابین، بەڵام بابەتی وشکەساڵی لەبەرئەوەی لە ساڵانی رابردوودا ئێمە چەندین ساڵ بەسەریەکەوە دۆخێکی وشکەساڵیی زۆرمان هەبوو، کە کاریگەریی زۆری لەسەر خاکی ئێمە دانا، دەکرێ بڵێم هێشتا لە پێویستی کۆگاکردنی ئاو کەموکوڕیمان زۆرە. واتە ئەگەر بەنداوە ستراتیژییەکانمان حیساب بکەین هەست دەکەین چارەکێک ئاومان گلداوەتەوە. بەراورد بەوەی کە لە هەندێک ساڵدا رێژەی بارانمان زۆر بووە، ئێمە بەنداوە ستراتیژییەکانمان سەرڕێژ بوونە. ئێمە پێویستمان بەوەیە کە ئاوی زیاتر گل بدەینەوە، ناشکرێ بڵێم مەترسی ئەوەمان لەسەر نەماوە کە وشکەساڵیمان تێپەڕاندووە. بەڵام دۆخی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکە عێراق، سوپاس بۆ خوای گەورە باشترین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمیتری پۆلیانسکی، جێگری نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان

جێگری نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: هانی پەیوەندیی نێوان سووریا و کورد دەدەین

دیمیتری پۆلیانسکی رۆژی 22ی ئابی 2024، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی ئۆتۆنۆمی بۆ رۆژئاوای کوردستان "پێویستە لەنێوخۆی سووریادا بڕیاری لەسەر بدرێت". سەبارەت بە پەیوەندیی رووسیا لەگەڵ نەتەوەی کورد بەگشتی دەڵێت: " ئێمە پەیوەندییەکی مێژوویی و دێرینمان لەگەڵ کورد لە سووریا و عێراق هەیە؛ بەردەوامیشین لە پاراستنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵیان".