کۆچ بۆ ئەوروپا و وازهێنان لە خوێندن؛ لە هەندێک قوتابخانەکانی راپەڕین ژمارەی کچان شەش هێندەی کوڕانە

11-12-2022
ئەبوبەکر ئیسماعیل
پۆلی قوتابخانەیەک لە ئیدارەی راپەڕین. وێنە: رووداو
پۆلی قوتابخانەیەک لە ئیدارەی راپەڕین. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە پۆلێکی ئامادەیی ئالانی تێکەڵاو لە شاری رانیە، لە کۆی 36 قوتابی لەو پۆلەدا تەنها شەش قوتابییان کوڕن. رەوا نورەدین، قوتابی پۆلی 12ی ئامادەییە لە کۆی 638 قوتابی قۆناخی ئامادەیی لە قوتابخانەکەی ئەودا تەنها 172 قوتابییان کوڕن. 
 
ئەو قوتابییە دەڵێت: لە قۆناخی بنەڕەتیدا ژمارەی کوڕان و کچان لە پۆلەکاندا هاوسەنگ بوو، بەڵام لە دوو ساڵی رابردوودا زۆربەی هاوپۆلە کوڕەکانمان، بەهۆی کۆچکردن بۆ ئەوروپا وازیان لە خوێندن هێناوە. 
 
رەوا نورەدین گوتیشی: هاوڕێم هەبوو لە پۆلی 12 لەگەڵ خۆمدابوو وازی هێنا بەهۆی چوون بۆ ئەوروپا و ئێستا لە بەریتانیایە؛ هاوڕێشم هەیە بەهۆی بێ کاری وازی لە خوێندن هێناوە، هۆکارەکەشی چوون بۆ ئەوروپایە.  
 
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی راپەڕین، لە پەروەردەی رانیە لە قوتابخانە ئامادەییەکان لە هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی لە کۆی 9488 قوتابی تەنها 3900 قوتابی کوڕن. 
 
کرێکار عەبدولواحید، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی ئالانی تێکەڵاوە و دەڵێت، "بەداخەوە خوێندکارمان هەبووە یەکەمی بەشی وێژەیی بووە کە خوێندنی تەواو کردووە نەچووەتە زانکۆ راستەوخۆ رۆیشتووە [بۆ ئەوروپا]؛ خوێندکاریشمان هەبووە لە کۆلێژی یاسا وازی هێناوە چووە بۆ ئەوروپا." 
 
لە قوتابخانەی ئامادەیی کوێستان لە شاری قەڵادزێ بە تەنیا لەو قوتابخانەیەدا 350 قوتابی کچ بەرامبەر 190 قوتابی کوڕ لە هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی وانەکانیان دەخوێنن، بەمەش جیاوازی رێژەی کچان بە بەراورد بە کوڕان نزیکەی دوو هێندەیە. 
 
مەحموود حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی پشدەر بە رووداوی گوت، "لە قۆناخی ئامادەیی لە پۆلی 10 تا 12 ئەو جیاوازییە لەنێوان کچ و کوڕدا بەئاسانی هەستی پێدەکرێت، بەتایبەتی کوڕەکان یان دەچنە بازاڕ کار دەکەن یان بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچ دەکەن." 
 
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا گوتی، "یەک لەسەر سێی ئەو کۆچەی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەڕۆن و نیشتمان جێدەهێڵن خەڵکی دەڤەری راپەڕینن. دەڤەری راپەڕینیش ناوچەیەکی ئەوەندە فراوان نییە بە بەراورد بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە رێژەکە لەچاو پارێزگاکان زۆر زیاترە."
 
بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 55 هەزار و 600 هاونیشتمانی بەرەو ئەوروپا کۆچیان کردووە لەو ژمارەیە 15 هەزار و 600 کەسیان دانیشتووی ئیدارەی راپەڕین بوون، لەنێویاندا 41 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش تائێستا بێ سەروشوێن بوون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە