هەسەدە: ‌هێرشمان کردە سەر دوو بنکەی سەربازیی تورکیا

11-10-2023
سینا سۆما
نیشانەکردن هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان هێرشەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر دوو بنکەی هێزەکانی تورکیا لە باکووری شارۆچکەی تەلتەمر و بەهۆیەوە چوار سەربازی تورکیا و سێ چەکداری سەر بەو وڵاتە کوژران و ژمارەیەک سەرباز و چەکداری دیکەش بریندار بوون.
 
ئەمرۆ چوارشەممە، 11-10-2023، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، "لە چوارچێوەی مافی وەڵامدانەوەی رەوا بەرامبەر هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، رۆژی دووشەممە هێزەکانیان لە دەوروبەری شارۆچکەی تەلتەمر هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا."
 
هەسەدە دەڵێت، "لە هێرشەکەدا دوو بنکەی هێزەکانی تورکیا لە گوندەکانی کەنیهر و ئەربەعین لە باکووری شارۆچکەی تەلتەمەر کە دەکەوێتە باکووری شاری حەسەکە، کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا چوار سەربازیی تورکیا و سێ چەکداری سەر بەو وڵاتە کوژران و ژمارەیەک سەرباز و چەکداری دیکەش بریندار بوون."
 
لە راگەیێندراوەکەیدا هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات، کە لە رۆژی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان تائێستا، لە چوارچێوەی مافی بەرپەرچدوانەوەی رەوادا هێزەکانیان چەند هێرشێکیان لە دژی هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی سەربەو وڵاتە کردووە و بەهۆیەوە تائێستا 22 سەرباز و چەکدار کوژراون و بە دەیانی دیکەش بریندار بوون.
 
سوپای تورکیا لە رۆژی 4ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، بە تۆپخانە و درۆن هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە.
 
ئەم هێرشەی سوپای تورکیا لە کاتێکدایە، رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2023، دوو گەریلای پەکەکە هێرشێکی خۆکوژییان کردە سەر بارەگای سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا و دواتر سوپای تورکیا دەستی بە بۆردوومانی چڕی باشوور و رۆژئاوای کوردستان کرد.
 
رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە مەراسیمی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆی بەرگریی نیشتمانیی تورکیا لە شاری ئەستەنبوڵ رایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باکووری سووریا و باکووری عێراق زیاتر لە 150 شەرڤانی یەپەگە و گەریلای پەکەکە کراونەتە ئامانج.
 
یاشار گولەر، رایگەیاند: "لە رۆژانی 1 و 3 و 4ـی تشرینی یەکەم لە باکووری عێراق و لە رۆژانی 5 و 6 و 8ـی تشرینی یەکەم لە باکووری سووریا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بەرفراوانمان لە دژی پەکەکە و یەپەگە کردووە و لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووانەدا ژمارەیەکی زۆر ئامانج، پێگە و سەرچاوەی داهاتی رێکخراوە تیرۆریستییەکە لەناوبران و زیاتر لە 150 تیرۆریست کرانە ئامانج."
 
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی سەرچاوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، لە رۆژی چوارشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی تورکیا 45 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 35 کەسیان ئەندامی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن، 10یان هاووڵاتیی سڤیلن کە دوویان منداڵ و کەسێکیان ژنە.
 
هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکاندا 50 کەسیش بریندار بوون کە 30 کەسیان ئەندامی ئاسایشن، 18یان خەڵکی سڤیلن کە پێنجیان ژن و سێیانیان منداڵن، هەروەها دوو شەرڤانی ئەنجوومەنی سەربازیی سریانیش بریندار بوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە