مەزڵووم عەبدی: لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا لە دێرک 29 ئەندامی هێزەکانمان شەهیدبوون

09-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن هێرشەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان رۆژئاوای کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، لە هێرشەکەی سوپای تورکیا بۆ سەر دێرکی رۆژئاوای کوردستان 29 ئەندامی هێزەکانیان "شەهید بوون." 
 
رۆژی دووشەممە، 09-10-2023، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس (تویتەری پێشوو) راگەیاند: "تورکیای داگیرکەر ئەکادێمیای ئاسایشی نێوخۆی لە دێرک بەئامانج گرت و لە ئەنجامدا 29 ئەندامی هێزەکانی دژە هۆشبەر شەهیدبوون. ئەمە تاوانێکی قێزەونە و پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤە کە ناتواندرێت چاوپۆشیی لێبکرێت." 
 
لە شەوی رابردووەوە سوپای تورکیا دەستی بە هێرشی ئاسمانی چڕ کردووە و ئەکادیمیایەکی هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری بۆردوومان کرد.
 
هێرشە مووشەکییەکە پێش کاژێر 11:00ـی شەوی رابردوو بووە، لە ئەنجامدا سێ مووشەک بە ئەکادیمیای شەهید نەسرین کەوتوون. ئەو ئەکادیمیایەی کراوەتە ئامانج، دەکەوێتە گوندی حەمزەبەگ لە ناوچەی کۆچەراتی سەر بە دێرکی رۆژئاوای کوردستان.
 
مەزڵووم عەبدی گوتی، ئەکادێمیای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە تورکیا بۆردوومانی کردووە، رێکخراوێکی مەدەنیی ناحکومین و هاوکاری لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی وەردەگرێت. 
 
فەرماندەی گشتیی  هەسەدە دەڵێت، "ئێمە بێباک نین لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشی دووژمنکارانەی تورکیا بۆ سەر خاک و گەلەکەمان، لە مافی رەوای خۆمان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی تورکیا کەڵک وەردەگرین."
 
مەزڵوم عەبدی داوا لە خەڵک دەکات لەگەڵ "شەهیدان" بوەستن و بەشداری لە مەراسیمە فەرمییەکانی پاراستنی شەهیداندا بکەن، لە کۆتایی پەیامەکەیدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی "شەهیدان" کرد.
 
ئەم بۆردوومانەی سوپای تورکیا لە کاتێکدایە، رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2023، دوو گەریلای پەکەکە هێرشێکی خۆکوژییان کردە سەر بارەگای سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا و دواتر سوپای تورکیا دەستی بە بۆردوومانی چڕی باشوور و رۆژئاوای کوردستان کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە