رووداو دیجیتاڵ
شاندێکى هەرێمى کوردستان بۆ تاوتوێکردنى پرسی خاڵە سنوورییەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکانی دەچێتە بەغدا.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، بڕیارە ئەمڕۆ (دووشەممە، 11ـی ئەیلوولى 2023) شاندێکى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدا بکات بەمەبەستى بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک لەبارەى پرسی خاڵە سنوورییەکان و ئەو کێشانەى پەیوەستن بە پرسی گومرگ و رسووماتى خاڵە سنوورییەکان لە یاسای بودجەى گشتیى عێراقدا.
هەریەک لە رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەرى گشتیى گومرگى هەرێمى کوردستان ئەندامانى ئەو شاندەى هەرێمى کوردستانن کە سەردانى بەغدا دەکەن.
فەهد جبوورى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "شاندەکەى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەیەکى ئەنجوومەنى دەستەى خاڵە سنوورییەکانى عێراق لە بەغدا بەشدار دەبن، کە لە بارەى کێشەکانى خاڵە سنورییەکانەوە دەکرێت".
ئەو ئەنجوومەنە لەلایەن عومەر وائیلی، سەرۆکى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراقەوە سەرۆکایەتیى دەکرێت و بەڕێوەبەرانى دەروازە سنوورییەکان تێیدا ئەندامن.
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق، دەبێت هەرێمى کوردستان 50%ـی داهاتى خاڵە سنوورییەکانی رادەستى وەزارەتى دارایی بکات وەک یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکەکەى لە بودجەدا، کە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە بۆ ساڵێک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ