رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداریی دەداتە عێراق ئەگەر تاوەکو مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ "بەڵێنیی چەککردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێ نەکات، هێرشی تووندتر لە جاران دەکاتە سەر ئەو حیزبانە."
محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کۆبوونەوەی فەرماندەکانی هێزی وشکانیی سوپای پاسداراندا لە شاری مەشهەد رایگەیاند: دوا وادەی عێراق بۆ چەککردنی حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی مانگی ئەیلوولە.
بەرپرسە باڵا سەربازییەکەی ئێران دەشڵێت، "دان بەخۆماندا دەگرین، هیودارین عێراق پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، بەڵام تاوەکو ئەو وادەیە ئەو گرووپانە چەکدار بمێنن یان ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام بدەن، بەهێزتر لە جارانی پێشوو هێرش دەکەین."
بەگوتەی محەممەد باقری، "بەداخەوە هەندێک وڵاتانی دراوسێ لەبارەی سنوورەکانەوە بەرپرسیارێتییان بەباشی جێبەجێ ناکەن، ئەو گرووپە دژبەرانەی لە باکووری عێراقن چەکدارن و ئاسایشی سنوورەکانمان دەخەنە مەترسییەوە. حکومەتی عێراق تاوەکو مانگی ئەیلوول بەڵێنەکانی لەبارەی ئەو گرووپە چەکدارانەوە جێبەجێ نەکات، ئۆپەراسیۆنی بەهێزتر لە جاران لە دژی ئەو گرووپانە دووبارە دەکەینەوە."
هێزی زەمینیی سوپای پاسداران، وەک سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت، "بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی وڵات، ئۆپەراسیۆنی کاریگەری بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دژی گرووپە دژبەرەکان ئەنجامدا، دواتر حکومەتی عێراق پابەندکرا بەوەی تاوەکو مانگی ئەیلوول ئەو گرووپانە چەک بکات و رێگە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانیان بگرێت. بەهۆی بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق بوو کە هێرشەکانمان لەسەر ئەو گرووپانە راگرت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ