رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا کە لە هۆڵی رۆشنبیریی ئاکرێ بەڕێوەدەچێت، دەکرێتەوە.
شەعبان بەرواری، قایمقامی قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک ئەمڕۆ (سێشەممە، 11-7-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کاژێر 04:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی رۆشنبیریی ئاکرێ رێوڕەسمی کردنەوەی زانکۆی ئاکرێ بەڕێوەدەچێت".
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کۆلێژ و پەیمانگەیانەی لە سنووری ئاکرێ هەن، دەبنە بەشێک لە زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان".
لە رێوڕەسمی کردنەوەی زانکۆکەدا، هەریەک لە د. ئارام قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی و عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە ئامادە دەبن.
قایمقامی قەزای ئاکرێ گوتی "ئەمڕۆ دەستدەکرێت بە دامەزراندنی کرداریی زانکۆکە و بڕیارە ژمارەیەک کۆلێژ و پەیمانگە لەخۆبگرێت، کە ئەوەیان دواتر وەزارەتی خوێندنی باڵا دیاریان دەکات".
لە نووسراوێکدا بە ژمارە 2546 کە رۆژی 19ـی حوزەیرانی 2023 دەرچووە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کردنەوەی دوو زانکۆی نوێ لە هەرێمی کوردستان.
لە نووسراوەکەدا هاتووە "راسپاردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ دیاریکردنی پێکهاتەی هەریەک لەو زانکۆیانە و دابینکردنی گشت پێداویستییەکانیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ زانکۆ پەیوەندیدارەکان بە رەچاوکردنی سەرجەم مەرجە زانستی و یاساییەکان کە لە یاسا و رێنماییەکاندا هاتوون".
رۆژی دووشەممە 26-6-2023، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: "وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە واژۆی د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا فەرمانى دامەزراندنی بۆ زانکۆى پۆلیتەکنیکى گەرمیان و زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان دەرکرد".
لە ئاکرێ کۆلێژی پەروەردە هەیە، کە سەر بە زانکۆی دهۆکە و کۆلیژ و پەیمانگەی تەکنیکیش سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆکە، لە ساڵی 2017ـەوە هەوڵی کردنەوەی زانکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو کۆلێژ و پەیمانگەیانە دەدرێت.
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی کوردستان، لە هەرێمى کوردستان 18 زانکۆى حکومى هەن، هەروەها 18 زانکۆ و لقى زانکۆیى لە شارەکانى کوردستاندا کراونەتەوە، لەگەڵ ئەوانەشدا 12 پەیمانگەش بە پسپۆڕیى جیا و بەپێى پێداویستەکانى بازاڕى کار، کراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ