بەرگری شارستانی لێکۆڵینەوە لە ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەریی کەرکووک رادەستی پۆلیس دەکات

11-06-2024
ئەحمەد حەمید
دووکانێکی سووتاوی بازاڕی قەیسەریی کەرکووک. وێنە: محەممەد شکوور - رووداو
دووکانێکی سووتاوی بازاڕی قەیسەریی کەرکووک. وێنە: محەممەد شکوور - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی قەیسەریی کەرکووک بەردەوامە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرکووک رایگەیاند، دۆسیەی لێکۆڵینەوەکە رادەستی پۆلیس کراوە.
 
رائید قەیس عەبدولڕەزاق، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرکووک لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەریی کەرکووک دراوەتە پۆلیس، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لێکۆڵینەوەی لێدەکەن و لێکۆڵینەوە بەردەوامە، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان پۆلیس ئەنجامەکان رادەگەیێنێت."
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرکووک گوتی، "بۆ رێگری لە کەوتنەوەی ئاگر، ساڵانە رێنوێنی دەدەینە جووتیاران و هەموو تیمەکانمان لە قەزا و ناحیەکان بڵاودەکەینەوە، ئەم ساڵ تیممان لە چەند پارێزگایەکی دیکەوە بۆ هاتووە، بۆئەوەی لەکاتی کەوتنەوەی ئاگر بە زوویی کۆنترۆڵ بکرێت."
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرکووک باسی لەوەش کرد، "هەندێک لە جووتیاران لەدوای دروێنەکردنی گەنمەکەی، ئاگر لە زەوییەکە بەردەدات بۆئەوەی بەرهەمی دیکەی تێدا بچێنێت، ئەوەش گرفتمان بۆ دروست دەکات، هەربۆیە داوامان کردووە لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو جووتیارانە بکرێت."
 
لەبارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە 2024، رائید قەیس عەبدولڕەزاق رایگەیاند، رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ئەم ساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمیکردووە.
 
کاژێر 02:00ی بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19-05-2024 لە ئەنجامی سووتانی سێ خانی قەیسەریی کۆنی کەرکووک نزیکەی 100 دووکان و کۆگە سووتان. ئاگرەکە زیانی گیانیی نەبوو، تەنیا زیانی مادیی لێکەوتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە