سپێشەڵ ریپۆرتێک لەبارەی شەڕە تەقە لە خەبات؛ 'هەرجۆرە چەکێکت بوێ دەستدەکەوێت'

11-04-2023
بەهرۆز فەرەیدوون
 یەکێک لەو خانووانەی بەهۆی شەڕەتەقەی بەردەوامی خەبات زیانی بەرکەوتووە
یەکێک لەو خانووانەی بەهۆی شەڕەتەقەی بەردەوامی خەبات زیانی بەرکەوتووە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەر کە گوێت لە ناوی خەبات دەبێت، یەکەم شت بیرت بۆلای شەڕە تەقە دەچێت. لە قەزاکە هیچ هەفتەک بە بێ شەڕ و پێکدادانی عەشایەری تێناپەڕێت. رووداو بەدواداچوونی بۆ دۆخی قەزاکە کردووە و دەردەکەوێت کە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی چەک گەرمە و خەڵک بە ئاسانی دەستیان بە چەکی سووک و قورس دەگات.
 
زۆربەی دانیشتووانی خەبات چەکدار و دوژمنداریشن، هەربۆیە شەڕ و رووبەڕووبونەوە بەردەوام لەو قەزایەدا هەیە. سەڵاح ئەکرەم، دانیشتووی قەزای خەبات بە رووداوی گوت، "حەزت لێبێت چەک بکڕیت، هەرجۆرە چەکێکت بوێت ئێستە بە 10 خولەک بۆت پەیدا دەکەم، بۆنموونە دەمانچەی کڵۆک، تارق، دەمانچەی تورکی 100 هەزاری و 200 هەزاری، هەر منداڵێک دەتوانێت چەکێک بکڕێت و پێی بێت، زەحمەتە ماڵ هەبێت چەکی تێدا نەبێت، مەگەر کابرا فەقیربێت، من خۆم لە ساڵی 2007 لە قەزای خەبات دەژیم بێ چەک نەبووم. کەسیشم نەزانیوە چەکی نەبێت، کابرا یەکەمین شت ماڵێک درووست دەکات، دەبێت دووەمین شت چەکێکی هەبێت."
 
ئەگەرچی حکومەت رێگە بە کڕین و فرۆشتنی چەک نادات و بە یاسا قەدەخەی کردووە، بەڵام وەک دانیشتووانی خەبات باسی دەکەن، لەوێ هەموو جۆرە چەکێک دەستدەکەوێت. پۆلیس هەڵمەتێکی راگەیاندووە بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت، بەڵام وادەرناکەوێ خەڵکی ئەم قەزایە بەدەم ئەم داوایەی پۆلیسەوە بچن.
 
سلێمان حەیدەر، فرۆشیاری کەلوپەلی سەربازی لە قەزای خەبات باس لەوە دەکات، "قەرەج و دۆم و سۆران و گۆران و بندیان و گەڵاڵی، شێخانی، گەردی، هەرچی قەومێکت دەوێ لە خەبات هەیە، عەشیرەتەکانی هەرکی و گۆران چەک زۆر بەکاردەهێنن لە قەزاکە."
 
چەک بە ئاشکرا نافرۆشرێت، بەڵام فیشەک و مەخزەنەکەی و جلوبەرگی سەربازیی و پۆستاڵ و کەلوپەلە سەربازییەکان رەواجێکی باشیان هەیە، دەڵێن لە هەرکوێی کوردستان هەرکەس کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و عەشایەری هەبێت ماڵ و حاڵی خۆی دەپێچێتەوە و دەچێتە خەبات، ئەمەشیان بە بەشێکی دیکەی زۆری شەڕ و بەکارهێنانی چەک دەزانن.
 
سلێمان حەیدەر، فرۆشیاری کەلوپەلی سەربازی لە قەزای خەبات گوتی، "چەمچەماڵی کێشەیەکی بۆ دروستبووە هاتووە بۆ ئێرە، لە سلێمانی و هەولێر کێشەی بۆ دروست دەبێت هاتووە بۆ ئێرە، لە هەموو شوێنەکان روویان لێرە کردووە."
 
محەممەد سەید هاشم، دانیشتووی قەزای خەبات ئاماژە بەوە دەکات، "هەمووی خەتای شەیتانە من ئەزانم و زانستی باتنیم هەیە، با ئەو خەڵکە لە عنەتی شەیتان بکات ئیتر ئاوها نابێت، هەرکەس دین و ئیمانی هەبوو شەیتان ناتوانێت لەلایبێت، خەڵک یادی خوا ناکات."
 
بەشێکی دیکەی دانیشتووانی ئەو قەزایە دەڵێن، زۆربەی بەرپرسانی قەزاکە خەڵکی سنوورەکە نیین، هەربۆیە زۆر بۆیان گرنگ نییە قەزاکە و دانیشتووانەکەی چی لێبەسەردێت.

 

 
کەمیی خزمەتگوزارییەکانیش وایرکردووە خەڵک جۆرێک یاخی لە حکومەت دەردەکەون، بەڵام جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ساڵی 2022 زیاتر لە پێنج ملیار دینار بۆ قەزاکە خەرجکراوە.
 
مەسعود محەممەد کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر گوتی، "ساڵی 2021 بەپێی ئەو بەشەی کە 21 ملیار دینارمان بۆ تەرخان کرابوو، بەشی خەباتیش دانرا، بەڵکو لەجێی دیکەش هەندێ پارەمان هێنا و زیادمانکرد بۆ ئەوەی گرنگی زیاتر بە قەزاکە بدەین، ساڵی 2022 هەروەک قەزاکانی دیکە نزیکەی 5 ملیار بەشی خەبات بوو."
 
قەزای خەبات دەکەوێتە رۆژئاوای هەولێر بە دووریی 35 کم، هەردوو شاری موسڵ و دهۆک بە هەولێرەوە دەبەستێتەوە. رووبەری گشتیی قەزاکە 687 کیلۆمەتر دووجایە. بەپێی سەرژمێریی ساڵی 2018، ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری قەزاکە 30.000 کەسە.
 
خورشید هەرکی، دووژمندارە، 13 ساڵ لەمەوبەر ئامۆزایەک و برازایەکی کوژراوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، تاوەکو ئێستا بکوژەکان دەستگیر نەکراون.
 
خورشید لەتیف هەرکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "100 نامەی هەڕەشەم بۆهاتووە، دەڵێ دوو کەسمان لێکوشتوون و خەڵکی دیکەشتان لێدەکوژین، رۆژێک لە پرسەی ئامۆزایەکی خۆم بووم لە تۆپزاوا لە ناحیەی رزگاری، نامەیەکیان بۆناردم، پێیان گوتم ئەمڕۆ لەسەر تەعزێی ئەویت، سبەی تەعزیەی تۆیە، من دەزگا ئەمنییەکانی پۆلیس و ئاسایشم لێ ئاگادار کردووەتەوە، بنکەی پۆلیس و ئاسایشی لێیە، ئەوانە بە کەیفی خۆیان دێن و دەڕۆن و کەسیش دەستگیریان ناکات، ئەو رۆژە تەقەشیان لە هێزە ئەمنییەکان کردبوو."
 
بەشێک لەوانەی لە سنوورەکەی کێشەیان هەیە و دوژمنداری یەکدین، پێش ئەوەی هەڵبکوتنە سەر بەرامبەرەکەیان، لە ئەکاونتی خۆیان و بە ئاشکرا لایڤ دەکەنەوە.
 
خورشید لەتیف هەرکی باسی لەوە کرد کە "رۆژێکیان چوومە پرسەیەک لە ئاکرێ، لەسەر رێگەی ئاکرێ لە رۆڤیا هاتنە سەر رێگەم و بازگەیان دانا و منیش بەبێ حیمایە نەچبووم، بەڵام هەواڵم بۆهات کە لەپێش من بازگەیان داناوە بە بی کەی سییەوە، هەر ئەوکات تەلەفۆنم بۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی ئاکرێ کرد، پێمگوت کە لەسەر جادە کەمینم بۆ دانراوە و خەڵکی سڤیل لەو رێگەیەن و ئەگەر شتێک ببێت ئەوا خەڵکی دیکەش پێوە دەبێت و ناچار لە بازگەی ئاسایش وەستام."
 
تەکنەلۆژیا و مۆبایلی زیرەک و سۆشیاڵ میدیا، رۆڵی گەورەیان لە کێشە عەشایەری و دووژمندارییەکاندا هەیە، خورشید و دوژمنەکەی لە فەیسبووک هاوڕێی یەکترن و ئاگاداری جموجۆڵ و پەیامە مەبەستدارەکانی یەکدین. خورشید گوتی، "من ئیحتیاتی خۆم وەردەگرم، هیچ کاتێک ناتوانم بەبێ حیمایە و ئۆتۆمبێلی گولـلەنەبڕ بچمە دەرەوە، من حەز ناکەم هەموو رۆژێک ئاوابم، منیش حەزم لێیە لەگەڵ ماڵ و منداڵی خۆم بچمە گەشت و سەیران و خۆشیمان هەبێت، کە سەیر دەکەیت تاوانبارەکەی بەرامبەرت بە ئازادیی دەسووڕێتەوە، ئەوا ئێمە ناتوانین بە ئازادی بسووڕێینەوە."
 
بەهۆی شەڕە تەقەی بەردەوامەوە، زیان بە خانووی هاونیشتمانییانی قەزاکە کەوتووە. سەلیم سەلیمخان، هاونیشتمانی دەڵێت، "جێگە گەورەکان شوێنی فیشەکی بی کەی سی و قەنناسە. لێرە قازیفەش بەکارهاتووە، بەهۆیەوە برایەکم کوژرا."
 
بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە قەزاکە، ئاماری کوژراو و بریندار دیار نییە، هەندێ لە داوا یاساییەکانیش لە بنکەی پۆلیسی قەزاکەدا تۆمار نەکراون، بەڵکو لە ناوچە و جێگەکانی دیکەی کوردستاندا تۆمارکراون، ئامار و داتای ورد نییە لەسەر ژمارەی کوژراو و برینداری ئەم قەزایە بەهۆی بەکارهێنانی چەک و دووژمنداری، بەڵام ئەوەی کە روونە ئەوەیە هەفتەی بێ کوشتن و بریندارکردن و تەقەکردن بەسەر ئەم قەزایەدا تێناپەڕێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە