رووداو دیجیتاڵ
نرخی مریشک گران بووە و هەر کیلۆیەکی بە چوار هەزار و 500 دینارە، پێش دەستپێکردنی مانگی پیرۆزی رەمەزان، هەر کیلۆیەک مریشک خۆی لە سێ هەزار دینار دەدا، بەڵام بۆ زیاتر لە 5 رۆژ دەچێت، نرخەکە بەرەو هەڵکشان رۆیشتووە.
ئیبراهیم شوکور، مریشکفرۆشە و دەڵێت: "مریشک بە 2500 دینار بوو، زۆر گران بووایە دەبووە سێ هەزار دینار، چوار رۆژ پێش ئێستا بە پێنج هەزار دینار بوو. پێشتر رۆژانە حەوت بۆ هەشت قەفەز مریشکم دەفرۆشت، ئێستا سێ بۆ چوار قەفەز، فرۆشمان بۆ نیوە کەمبووەتەوە."
لەپاڵ گرانبوونی نرخی مریشک، نرخی گۆشتی سووریش گران بووە، ئێستا بە زەحمەت کیلۆیەک گۆشتت بە 20 هەزار دینار دەستدەکەوێت، بەڵکو بە 22 هەزارە و لە هەندێ جێگەش تاوەکو 25 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
پشتیوان عوسمان ئەندازیارە و چووەتە بازاڕ مریشک بكڕێت، دەڵێت، ئەگەر گۆشت گران نەبووایە، بە ناچاری مریشکم نەدەکڕی. "کیلۆیەک بە 20 هەزار دینار زۆرە، بەتایبەت ئەگەر خێزانێک 5 بۆ 6 کەس بن بەشیان ناکات و بۆ ژەمێک پێویستت بە دوو کیلۆ گۆشتە کە دەکاتە 40 هەزار دینار، بەڕاستی کاریگەرییەکی زۆری دروستکردووە."
فیراس سدیق، بەرپرسی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئێستا لە پەلەوەرخانەکان مریشک بە دوو هەزار و 650 دینار دێتە دەرەوە و بە 3500 دینار دەخرێتە بازاڕ، ئەو نرخانەی دیکە خاوەن دووکان و بریکارەکانن کە زیادی دەکەن؛ ئەوەش کاری وەزارەتی کشتوکاڵ نییە کۆنترۆڵی بکات و دەبێت لیژنەکانی چاودێریی بازرگانی لە قایمقامیەتی شارەکان کۆنترۆڵی بکەن.
ئەو بەرپرسە ئاماژە بەوەش دەکات، زۆربوونی خواستیش هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی مریشک.
جگە لەوانە، هۆکاری دیکەش هەن؛ بۆ نموونە: ساڵی 2019 یەک تۆن ئالیکی بەخێوکردنی پەلەوەر بۆ گۆشت 450 دۆلار بووە، بەڵام ئێستا بۆ هەر تۆنێک ئالیک 650 دۆلارە. گرانبوونەکەی ئەمجارە هەر پەیوەندی بە مریشکەوە نییە، گرانبوونی گۆشت وایکردووە خواست لەسەر گۆشتی مریشک زیادبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ