رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری وزەی ئێران سەردانی پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆی بۆکانی کرد، ژینگەپارێزێک دەڵێت: "زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆی شارەکە تەرخانکرا."
رۆژی سێشەممە، 11ی ئاداری 2025، ئەندامێکی ئەنجوومەنی ژینگەی پارێزانی ژینبان بە رووداوی راگەیاند، هاشم ئەمینی، جێگری وەزیری وزەی ئێران و محەمەد قەسیم عوسمانی، نوێنەری بۆکان لە پەرلەمانی ئێران سەردانی پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆی شارەکەیان کردووە.
ئەو ژینگەپارێزە ئاماژەی بەوەشکرد،"بڕی ئەو پارەیە کە بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراوە، سێ ملیۆن و 260 هەزار دۆلارە، ئەگەر بە باشی جێبەجێ بکرێت کێشەی ئاو و ئاوەڕۆی بۆکان و بەشێک لە گوندەکان چارەسەر دەبێت".
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی 2ی ئاداری 2025، تۆڕی میدیایی رووداو، راپۆرتێکی لەسەر رژانی ئاوی ئاوەڕۆی بۆکان و گوندەکانی بۆ ناو رووباری تەوەهو ئامادە کرد و دواتر کاردانەوەی بەدواداهات.
لە راپۆرتەکەدا ژینگەپارێزان باسیان لەوە کرد، کە نیگەرانییەکانیان لەبارەی رووبارەکە گەیاندووەتە پارێزگاری ورمێ.
بە گوتەی ژینگە پارێزان، "تێکەڵبوونی ئاوی پیس بە ئاوی رووبارەکە، جگە لەوەی کێشەی تەندروستی بۆ مرۆڤ، کارەساتی ژینگەیشی لێدەکەوێتەوە و ئاوی ژێر زەوییش پیس دەکات."
دانیشتووانی بۆکان زیاتر لە 200 هەزار کەسە، بەڵام پاڵاوگەی ئاوەڕۆکەی تەنیا توانای پاڵاوتنی ئاوی پیسی 100 کەسی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ