فراکسیۆنەکانی سەردەم و ئازادی: نامانەوێت هەڵبژاردن بە حیزبی بکرێت

11-03-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فراکسیۆنەکانی سەردەم و ئازادی دەڵێن، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە چوار بازنەیی رەتدەکەنەوە و داوایان کردووە بە یەک بازنەیی هەڵبژاردن بکرێت و كۆمیسیۆن لەلایەن "كەسانی سەربەخۆ یان دادوەرانەوە" بەڕێوەببردرێت؛ دەشڵین: "دژی بەحیزبیكردنی هەڵبژاردنین."              
 
رۆژی شەممە 11-03-2023، باپیر کامەلا، تاکە پەرلەمانتار و سەرۆکی لیستی سەردەم لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییەکان لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە لەگەڵ یەک بازنەیی بووین، نەوەک چوار بازنەیی. تێبینییەکی زۆریشمان لەسەر کۆمیسیۆن هەیە. ئەوە کۆمیسیۆنە کە دەبێت هەڵبژاردن بکات و سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە دەکات، بەڵام لە ساڵی 2014ەوە کۆمیسیۆن لە لایەن یەکێتی، پارتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو بە حیزبی کراوە."
 
لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و هەمواری یاسای هەڵبژاردنەوە، رۆژی شەممە 11-03-2023، بەشی هەڵبژاردنی پارتی و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لەگەڵ دەزگە و مەکتەبی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لەنێو پەرلەمانی کوردستان، لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بە چەند خاڵ کرد، لەوانەش بەرێوەچوونی هەڵبژاردن بە چوار بازنەیی. 
 
دوای راگەیێندراوەکە، فراکسیۆنەکانی سەردەم و ئازادی راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییەکان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی دوای گفتوگۆکردن و گۆڕینەوەی دید و بۆچوونی لایەنە بەشداربووەکان، دیار بوو پێنج لایەنی سیاسی بەشێوەی ساڵی 2014 بەپێی بەرژەوەندییە حیزبییەكانیان، رێککەوتن لەسەر هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن و دابەشكردنی بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن و قۆرخکردنی كۆمیسیۆن بەو شێوە حیزبییەی كاتی خۆی لەسەری رێككەوتبوون."
 
ئەو دوو فراکسیۆنە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە فرەبازنەیی رەتدەکەنەوە و دەڵێن: "وێڕای خۆشحاڵبوونمان بەگفتوگۆی ئەرێنیی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، بەڵام بەتەواوەتی ئەم رێككەوتنە رەتدەكەینەوە‌ و دژی بەحیزبیكردنی هەڵبژاردنین، چونكە ئێمە داوای یەک بازنەی هەڵبژاردن دەكەین و دەمانەوێت كۆمیسیۆن لەلایەن كەسانی سەربەخۆ یان دادوەرانەوە بەڕێوەببرێت و ئەم شێوەیەی ئێستا گومان لەسەر پرۆسەكە دروست دەكات."
 
دوو فراکسیۆنەکە کە بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنە سیاسیەکانیان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن کردبوو، دەڵێن: "پابەند نین بەو رێککەوتنەی لە نێوان ئەو پێنج لایەنە کراوە. هاوكات مافی حیزبەكانمانە بە هەر شێوەیەک بێت ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر ئەم رێككەوتنە بەرژەوەندیخوازییە تەواو حیزبییە دەرببڕن." 
 
بە گوتەی باپیر کامەلا، ئەوان داوایان کردووە یان کورسییەکانی کۆمیسیۆن "لەنێوان ئەو پێنج حیزبە دابەشنەکرێن یان بەپێی ویستی هەموو حیزبەکان رێکبخرێنەوە، یان کۆمەڵێک دادوەر و کەسانی بێ لایەن کۆمیسیۆن بەڕێوەببەن، چونکە ئەوە سەقامگیری زیاتر دەبێت. ئێستا هەمووی ئامانجی حیزبی خۆیەتی و کەس بەپەرۆشی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو هەمووی هەوڵدەدات حیزبەکەی خۆی بمێنێتەوە."
 
لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی یەکێتی و پارتی کە ناکۆک بوون لەسەر هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن ئێستا لەسەر هەموارەکە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیش بە چوار بازنەیی رێککەوتوون. تاکە خاڵی ناکۆکی سەرەکی نێوان یەکێتی و پارتی پرسی کورسی پێکهاتەکانە کە 11 کورسیی نێو پەرلەمانی کوردستانیان هەیە. 
 
باپیر کامەلا گوتیشی، بەردەوام لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانیش ئەم کۆمیسیۆنەیان رەتکردووەتەوە و داوایان کردووە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کۆمیسیۆن بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.