رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرانی نیلوفەرحامیدی و ئیلاهە محەممەدی رایانگەیاند: "بریکاردارەکانیان بەر لێبووردنی گشتی کەوتوون و دۆسیەکانیان دادەخرێت".
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی شوباتی 2025، پەرتەو بورهان، حوجەت کرمانی و شەهاب میرلوحی، پارێزەرانی هەر دوو ژنە رۆژنامەڤانی ئێرانی نیلوفەرحامیدی و ئیلاهە محەممەدی رایانگەیاند، "ئەو دوو رۆژنامەڤانە بەر لێبووردنی گشتی کەوتوون و دۆسیەکانیان دادەخرێت".
پارێزەرانی ئەو دوو ژنە رۆژنامەڤانە دەڵێن، "دوای تانەدان لە بڕیاری دادگە، نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەممەدی، لە بڕیاری کۆتاییدا کە لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای تارانەوە دەرچووە، لە تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکا بێتاوان دەرچوون، دواجار ئەو رۆژنامەڤانانە بەر لێبووردنی گشتی کەوتن و دۆسیەکەیان داخرا".
دادگەی شۆڕشی تاران مانگی 10ـی پار، نیلوفەر حامیدی بە 13 ساڵ و ئیلاهە محەممەدی بە 12 ساڵ بەندکران سزادا، بەڵام هاوینی ئەمساڵ لە دادگەی پێداچوونەوە هەر دوو رۆژنامەڤانەکە لە تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکا بێبەریبوون و سزاکەیان بۆ شەش ساڵ کەمکرایەوە.
دوای راگەیاندنی لێبووردنی گشتی لەلایەن عەلی خامنەییەوە، پارێزەری ئەو دوو رۆژنامەڤانە رایانگەیاند، بەر لێبووردنەکە کەوتوون و دۆسیەکەیان دادەخرێن، بەڵام گوتەبێژی دەزگای دادی ئێران رایگەیاندبوو، "ئەو دوو رۆژنامەڤانەی بەهۆی بڵاوکردنەوەی راپۆرت لەبارەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی سزادرابوون، بەر لێبووردنی گشتی نەکەوتوون".
نیلوفەر حامیدی دوای گەیاندنی ژینا ئەمینی بە نەخۆشخانە، راپۆرتێکی لەبارەی دەستبەسەرکردن و تێکچوونی تەندروستیی ئەو کچە کوردە لە گرتووخانەی پۆلیسی رەوشتی تاران بڵاوکردەوە و بەو هۆیەوە لە مانگی ئەیلوولی 2022 دەستبەسەر کرا. هەروەها ئیلاهە محەممەدی دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەبارەی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی لە سەقز و ناڕەزایەتی خەڵک دەستبەسەر کرا. هەر دوو رۆژنامەڤانەکە دوای 16 مانگ بەندکران بە کەفالەت ئازاد کران.
عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی 5ـی شوباتی 2025 بە بۆنەی 46ـەمین ساڵەی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لێبووردنی بۆ زیاتر لە سێ هەزار بەندکراو دەرکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ