ڤیان سەبری: لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا دروستبووە

11-01-2023
هیدایەت جان
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق بۆ تاوتوێکردنی پرس و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەردانەکە بە هەنگاوێکی "ئەرێنی" ناودەبات و دەڵێت: "تێگەیشتنێکی باش لەنێوان هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروستبووە."
 
رۆژی چوارشەممە 11-1-2023، د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق میوانی بوولتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا پەیوەستە بە پرسەکانی یاسای بودجە و نەوت کە بەپێی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بڕیاردراوە بە ئاگاداری هەرێمی کوردستان یاسای بودجە ئامادە بکرێت و لەم کابینەیەشدا یاسای نەوت و گاز پەسند بکرێت." 
 
ڤیان سەبری ئەو سەردانەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی "ئەرێنی" ناودەبات و دەڵێت: "ئێستا تێگەیشتنێکی باش لەنێوان هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروستبووە و دەبێت پەرەی زیاتر بەم لێکتێگەیشتنە بدرێت." 
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەبارەت بە ناردنی 400 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ راستەوخۆ بانکی ناوەندی راسپێردرا بۆ ناردنی 400 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان. پێویستە تا ئەوکاتەی یاسای بودجەی 2023 پەسند دەکرێت، هەموو مانگێک 200 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت." 
 
لەبارەی دەستنیشانکردنی بەربژێرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی بریکاری وەزارەتی دارایی، د. ڤیان سەبری گوتی: "پۆستی بریکاری وەزیری دارایی عێراق پشکی کورد و پارتییە. بەدەر لەمە 400 پۆست لە عێراق پشکی کوردن و پێویستە هەموویان پڕبکرێنەوە." 
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2023ی عێراق دەبەستێتەوە بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق و دەڵێت: "هەرچەند سەرژمێری نوێ لە عێراق نەکراوە و ئەو پشکەش بەپێی رێژەی دانیشتووان هەژمار دەکرێت، بەڵام وەزارەتی پلاندانان پشکی هەرێمی کوردستانی لەم بودجەیە بە 14٪ خەمڵاندووە." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە