رووداو دیجیتاڵ
لە نۆ مانگی ئەمساڵدا بە بەهای 11 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار، لە مەلەتیی باکووری کوردستانەوە ناوکە قەیسی هەناردە کراوە.
رەمەزان ئۆزجان، سەرۆکی بۆرسەی بازرگانیی مەلەتی دەڵێت، "ئەم بەرهەمە نزیکەی لە 100٪ـی هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا دەکەین. ئیتاڵیا گرنگترین کڕیارمانە. ناوکە قەیسی بەرهەمێکە لە کەرتی پیشەسازیدا بەکاردێت، لە ئەوروپا زیاتر بۆ شیرینی، لە دروستکردنی نان و کولێرەدا بەکاردێت و تامەکەی لای ئەوروپییەکان بایەخدارە".
٪85ـی قەیسیی وشککراوی جیهان بەرهەمی پارێزگای مەلەتییە. ئەمساڵ سێ هەزار و 424 تۆن ناوکە قەیسی هەناردە کراوە. چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵ بگاتە پێنج هەزار تۆن.
سەرۆکی بۆرسەی بازرگانیی مەلەتی باسی لەوە کرد، "هەناردەکردنی ناوکە قەیسیمان لە پشت ئامارەکانی ئەمڕۆوە بوون کە ئەمڕۆ سەیری نرخی هەر کیلۆیەک دەکەین ئێستا بە زیاتر لە سێ یۆرۆ هەناردەی دەکەین. پلانمان هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ هەناردەکردن بە پێنج هەزار تۆن دابخەین. هەناردەکردنی پێنج هەزار تۆن ناوکە قەیسی لە ماوەی ساڵێکدا بۆ ئێمە گرنگە".
لە کۆی ئەو 17 ملیۆن دار قەیسییەی لە تورکیا هەن، هەشت ملیۆنیان لە پارێزگای مەلەتییە. نزیکەی 50 هەزار خێزان بژێویی ژیانیان لەم بەرهەمە دابین دەکەن. مەلەتی بە "پایتەختی قەیسیی جیهان" ناسراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ