رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایدەگەیێنێت، بە داخەوە لە دوای 2003ـەوە ئەو ئەقڵیەتە پەرەی پێدرا کە ناسنامەی کوردستانی لە کەرکووکدا بسڕدرێتەوە و ئەوەی بەعس بە 35 ساڵ بە کوردی کەرکووکی کرد، دوای 16ی ئۆکتۆبەر لەوە زیاتر کرا.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە کەرکووکدا رقی کۆنی نەتەوەکان لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵایەتی وەک دیاردەیەک و بە شێوەیەکی زۆرینە بەرامبەر بە کورد هەر هەیە. ئەوەی حیزبی بەعس بە 35 ساڵ بە کوردی کەرکووکی کرد، دوای 16ی ئۆکتۆبەر بە هاوکاریی هەموو لایەنەکان لەوە زیاتریان کرد. ئێستا کورد بەبێ ماف و ناز ماوەتەوە."
دوای رووخانی رژێمی بەعس و ئازادکرانی کەرکووک لە دەستی ئەو دەسەڵاتە بەشێکی زۆری کوردانی کەرکووک کە ئاوارەی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بووبوون، گەڕانەوە زێدی خۆیان.
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: "بە داخەوە لە دوای 2003ـوە ئەو ئەقڵیەتە پەرەی پێدرا کە ناسنامەی کوردستانی لە کەرکووکدا بسڕدرێتەوە و ناسنامەیەکی دیکەی بدرێتێ کە بە هەموو پێکهاتەکانی شاری کەرکووک نامۆیە. ئەو رێکارانەی کە پێویست بوو حکومەتی فیدراڵی دوای 2003 بیانگرێتە بەر، زۆر بە قورسی کاری لەسەر دەکردن و بە دەم داواکارییە دەستووری و یاساییەکانەوە دەهات. راستە پێش 16ی ئۆکتۆبەری 2017 کارگێڕیی شارەکە کوردی بوو، بەڵام بڕیار هەر ناوەندی و سەدامی بوو، بەڵام بە رەنگی وڵاتێکی تازەی حیزبی شۆڤێنی و تائیفی."
لە یەکەم هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا سەرۆککۆماری عێراق و بەشێکی زۆر لە پۆستە وەزاری و باڵاکانی وڵات لای کورد بوون، بەڵام ئەوە نەبووە هۆی ئەوەی ماددەی 140ـی دەستوور جێبەجێ بکرێت.
رێبوار تاڵەبانی گوتی: "پێش 2017یش هەرچەندە سەرۆککۆمار و جێگری سەرۆکوەزیران کورد بوون، وەزیر و پەرلەمانتاری کوردمان هەبوو، بەم هەموو ستافە گەورەیەوە نەیانتوانی یەک هەنگاو ماددەی 140 ببەنە پێشەوە. هێزە سیاسییەکانی عێراقیش بە سوننە و شیعەوە لەگەڵ ئەو سیاسەتەدان کە گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لە کەرکووکدا بەردەوام بێت."
حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، تەنیا لە ساڵی 2020ـدا دەستیان بە جێبەجێکردنی 550 پرۆژە کردووە، بەڵام بەهۆی کەمیی بودجەوە نیوەی ئەو پرۆژانە بە تەواونەکراوی ماونەتەوە. پرۆژەکانیش بریتین لە ئاوەدانکردوەی گەڕەکەکان، باڵەخانەی دەزگا فەرمییەکان، قوتابخانە، پرۆژەکانی ئاو و رێگەوبان.
لە کەرکووکدا گەندەڵەکان لیژنەکانی چاودێری و دەستپاکییان بە دەستەوەیە. ئێستا گەندەڵی زۆر زیاد بووە و گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە لە فەرمانگەیەکدا بۆ هەر شتێک داواکارییەک پێشکەش بکەیت، هەر دەبێت بەرتیلێک بدەیت، ئینجا کارەکەت دەکرێت.
لە کەرکووک تەنیا جیاکاری لە دابەشکردنی بودجە و جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا ناکرێت، بەڵكو لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017وە 122 پۆستی ئیداری و ئەمنیی کەرکووک لە کورد سەنراونەتەوە و دراونەتە عەرەب و تورکمان کە دیارترینیان پۆستی پارێزگاری کەرکووکە. لە دوا هەنگاویشدا پۆستەکانی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە و بەڕێوەبەری ئاسایشی فڕۆکەخانەی کەرکووک درانە عەرەب.
[
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ