شێخ نەهرۆ كەسنەزانی... لە تەریقەتەوە بۆ سیاسەت

10-07-2020
رێبوار قاسم
نیشانەکردن شێخ محەممەد کەسنەزانی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە هەزاران دەروێش رژاونەتە شاری سلێمانی بۆ ئەوەی بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شێخ محەممەد عەبدولکەریم کەسنەزانیدا بکەن کە رۆژی چواری تەممووزی 2020 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆچی دواییکرد.

دەروێشەکان هەر زوو شوێنگرەوەی شێخ محەممەدیان دەستنیشانکرد و بەیعەتیان بە کوڕی گەورەی شێخە کۆچکردووەکەیاندا،  کە شێخ نەهرۆی کوڕی شێخ محەممەدە. شێخ نەهرۆ سەروکاری سیاسی و ئابووری لەگەڵ زۆر وڵات هەیە، لە نێویاندا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

شێخ نەهرۆ و بینینی ترەمپ

لە مانگی تەمووزی 2018، شێخ نەهرۆ كەسنەزانی نامەیەكی بۆ جۆن بۆڵتن، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی كۆشكی سپی و مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نووسی. بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریكی، نەهرۆ كەسنەزانی لە نامەكەیدا هیوای خواستبوو: "بە ئامانجی هاوبەشمان بگەین كە لاوازكردنی رژێمی مەلاكانی ئێران و كۆتاییهێنان بە هەژموونی ئەو وڵاتەیە".

بەڵام شێخ نەهرۆی تەمەن 51 ساڵ، هەر بەوەندە نەوەستا، چوار مانگ دوای ئەو نامەیە و لە رۆژی 30ی تشرینی دووەمدا چووەتە هۆتێلی نێودەوڵەتیی ترەمپ لە واشنتن و 26 شەوی لە سویتێك لە نهۆمی هەشتەمی هۆتێلەكە بەسەر بردووە كە مەزندە دەكرێ دەیان هەزار دۆلار لەسەری كەوتبێ.

رۆژنامە ئەمریكییەكە لیستی میوانە ڤی ئای پییەكانی دەیان رۆژی ساڵی 2018 هۆتێلەكەی دەستكەوتووە كە بەپێی لیستەكە مانەوەی شێخ نەهرۆ لە هەموویان زیاتری خایاندووە.

شێخ نەهرۆ كە لە عەممانی پایتەختی ئوردن لە خانوویەكی زەبەلاحدا نیشتەجێیە و بە بێسیم خزمەتكارەكانی بانگ دەكات، بە (واشنتن پۆست)ی راگەیاندووە: "ئێمە زۆرتر لە هۆتێلی هەی ئادەمز دەمێنینەوە، بەڵام بیستمان ئەو هۆتێلە نوێیەی ترەمپ لە واشنتن هەیە و بیرمان لەوە كردەوە شوێنێكی باشە بۆ حەوانەوە". رەتیشیكردەوە بۆ مەبەستی لۆبیكردن ئەو هۆتێلەی هەڵبژاردبێ.

هۆتێلەكە بەو پێیەی سەر بە رێكخراوی ترەمپە، شوێنی كۆبوونەوەی سیاسەتكاران و ئەو كەسانەیە كە سەروكاریان لەگەڵ كاروباری حكومی هەیە، لەبەر ئەوەشە كە دەبێتە شوێنی حەوانەی ئەو كەسایەتییە بیانییانەی دەیانەوێ ئەجێندای خۆیان پێشكەش بە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بكەن.

ئینتیفاز قەنبەر، گوتەبێژی شێخ نەهرۆ كە لە ماوەی مانەوەی لە هۆتێلەكە لەگەڵی بووە، بە رۆژنامەكەی راگەیاند: "زۆر كەسی لایەنگری ترەمپ، زۆر باڵیۆز، زۆر خەڵكی گرنگ لە هوتێلەكە بوون، بەڵام ئێمە قسەمان لەگەڵ نەكردن".

ئەو كۆمپانیایەی سەرپەرشتی هۆتێلەكە دەكات، ئامادە نەبووە تێچووی مانەوەی شێخ نەهرۆ ئاشكرا بكات، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە پارەكەیان بەخشیوەتە گەنجینەی ئەمریكا. بەگوێرەی راپۆرتەكە، مانەوەی شێخ نەهرۆ و قازانجەكەی وەك "پشتیوانیی بیانی" مامەڵەی لەگەڵ كراوە كە بۆ كاری بزنسی حكومەتە دەرەكییەكانە، لە كاتێكدا شێخ هیچ پۆستێكی حكومی نییە و گوتەبێژەكەشی دەڵێ خۆی پارەی مانەوەكەی داوە.

رۆکستارەکانی CIA

شێخ نەهرۆ كەسنەزانی كە رابەری تەریقەتی عەلیەی قادریی كەسنەزانییە، بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە كە كاتی هێرشی ئەمریكا بۆ سەر عێراق لە 2003 زانیاریدەری سی ئای ئەی بووە.

كتێبی "پلانی هێرش" لە نووسینی بۆب ودوارد (چاپی 2004) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە گرووپێكی ئایینی زوو زوو لە هەرێمی كوردستان چاویان بە بەرپرسانی (سی ئای ئەی)ی ئەمریكی دەكەوت، ئەو كات ئەمریكییەكان خەریكی دانانی پلانی هێرشەكەی 2003 بوون. خێزانی شێخ تۆڕێكی زانیاریدەری لە لایەنگرانی خۆیان پێكهێنابوو. بەگوێرەی كتێبەكەی ودوارد، زانیارییەكانیان یەكجار دەگمەن بووە و عەقڵی مرۆڤی رادەگرت، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ناوی نهێنی "رۆكستار"یان پێبدرێ.

لە كتێبەكەدا ئاماژە بە ناوی كەسنەزانییەكان نەكراوە، بەڵام شێخ نەهرۆ خۆی پشتڕاستی دەكاتەوە كە ئەوەی لە كتێبەكەدا هاتووە باسی خێزانی ئەوانە و دەڵێت مانگانە یەك ملیۆن دۆلاریان لە (سی ئای ئەی) وەردەگرت بۆ "خەرجییەكانی تۆڕەكە".

شێخ كۆمەڵێك بەڵگەنامەی سوپای ئەمریكاشی پیشانی رۆژنامە ئەمریكییەكە داوە كە تێیدا دەردەكەوێ تۆڕەكەی شێخ لە كاتی جەنگدا بۆ كۆمپانیایەكی ئەمنی بە ناوی "كۆمپانیای پاراستنی دامەزراوەكانی عێراق" گۆڕاوە و كۆمەڵێك گرێبەستیشیان بۆ پاراستنی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا و دامەزراوە نەوتییەكان وەرگرتووە، یەكێك لەو بنكانەش لە نزیك كەركووك بووە.

شێخ نەهرۆ و خەونی سەرۆكایەتیی

بەڵام تموحەكانی شێخ تەنیا بازرگانی نین، بەڵكو بەگوێرەی رۆژنامەكە خۆی بە بژارەیەكی گونجاو بۆ سەرۆكایەتی عێراق دەزانێ و پێیوایە تەسەوف كە شیعە و سوننە لەخۆدەگرێ، دەتوانێ ئەڵتەرناتیڤێك بێ بۆ رێگری لە فراوانبوونی نفووزی ئێران و توندوتیژییەكانی ئەلقاعیدە.

شێخ نەهرۆ كەسنەزانی ئەمینداری هاوپەیمانێتی بۆ یەكێتیی نیشتمانیی عێراقە، بەڵام رێگەی پێنەدرا لە هەڵبژاردنەكانی 2005 خۆی بەربژێر بكات. گەورەترین دەستكەوتی ئەو خێزانە لە سیاسەتی عێراق لە 2014 بوو، كاتێك مەڵاس محەممەد عەبدولكەریمی برای بۆ پۆستی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەستنیشانكرا، بەڵام دوای ساڵێك بڕیاری دەستگیركردن بۆ هەردوو براكە دەرچوو، ئەوەش بە تۆمەتی بەرتیلخۆری لە كڕینی برنجی بایەعی.

بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێن ئاگایان لە كۆبوونەوەی فەرمیی نێوان ستافی وەزارەتەكەیان و شێخ نەهرۆ نییە، بەڵام ئەوەیان نەدركاند ئاخۆ كۆبوونەوەی نافەرمی هەبووە یان نا. شێخ بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی گوتووە كە دەمەتەقەی لەگەڵ هەندێك لە شارەزایانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كردووە، یەكێك لەوانەش كۆڵۆنێل عەباس دەهوكە.

دەهوك بەمدواییە خانەنشین بووە و لە نووسینگەی كاروباری رۆژهەڵاتی نزیكی وەزارەتی دەرەوە راوێژكار بووە، پێشتریش بۆ كاروباری سەربازی لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە سعودیە كاری كردووە و لەبارەی شێخەوە دەڵێ: "ئەو گوێگری خۆی هەیە و زۆر بەرپرسی پەیوەندیدار سەرنجەكانی بە بایەخەوە وەردەگرن".

ئەجێندای شێخ لەگەڵ سیاسەتی گشتیی ئەمریكا سەبارەت بە ئێران یەكدەگرێتەوە كە بریتییە لە جڵەوكردنی نفووزی ئێران لە عێراق.

شێخ نەهرۆ كە دكتۆرای لە مێژووش هەیە، دژی هێرشی هەمەلایەنەی ئەمریكایە بۆ سەر ئێران و پێشنیازی كۆمەڵێك هێرشی ورد بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و هەواڵگرییەكانی ئێران دەكات. سەبارەت بە هەڵوێستی توندی خۆیشی لەسەر ئێران دەڵێت: "لێم دەپرسن ئێمە بۆچی جەنگمان دەوێ، بەڵام راستییەكەی ئێمە لە ئاشتیدا نین، توندتیژیی دژی سوننەكانی عێراق هەرگیز نەوەستاوە".

وەك راپۆرتەكە دەڵێت، هەوڵەكانی شێخ نەهرۆ تەنیا لە ئەجێندایەكی سیاسیدا خۆی نابینێتەوە، بەڵكو كۆمەڵێك كۆمپانیای خزمەتگوزاری ئەمنی، خزمەتگوزاریی كێڵگە نەوتییەكان و بیناسازیشی لە ئەمریكا كردووەتەوە و سوورە لەسەر ئەوەی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا كاری بازرگانی بكات، خۆی دەڵێ: "ئێمە بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێین".

رۆژێك پێش ئەوەی شێخ نەهرۆ بێتە هۆتێل ترەمپ، براكەی بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل و بێ ئامادەبوونی خۆی سزای حەوت ساڵ بەندكردنی بۆ دەرچوو. دادوەر عەبدولستار بەیرەقدار، گوتەبێژی دەزگای دادوەریی عێراق بە (واشنتن پۆست)ی راگەیاندووە كە شێخ نەهرۆش سزای لەسەرە "هەركاتێك گەڕایەوە عێراق دەستگیر دەكرێ". شێخ نەهرۆ تۆمەتی گەندەڵی رەتدەكاتەوە و دەڵێت ئەو جۆرە بڕیارانە مەبەستی سیاسییان لەپشتە.

"شێخ" بۆ رۆژنامە ئەمریكییەكەی ئاشكرا كردووە كە سویتێك و ژوورێكی دیكەیان لە هۆتێلەكە گرتبوو، لەگەڵ هاوژینەكەی و منداڵەكانی هەتا 26ی كانوونی یەكەم لە هۆتێلەكە مابوونەوە. ئینتیفاز قەنبەر كە پێشتر كاری بۆ ئەحمەد چەلەبی كردووە، ئامادە نەبوو باسی بڕی پارەی كرێی مانەوەی شێخ بكات، هەر ئەوەندەی گوتووە كە بۆ هەر شەوێك "چەند هەزار" دۆلارێكی تێچووە.

بەپێی راپۆرتەكە، نرخی سویتەكانی هۆتێل ترەمپ بۆ هەر شەوێك لە نێوان 1000 بۆ 2000 دۆلارە.

جێگرەوەی شێخ محەممەد

جێگرەوەی شێخ محەممەد کەسنەزانی هیچ مشتومڕێکی دروست نەکرد، چونکە شێخ هەرزوو ئەو پرسەی یەکلایی کردەوە و کوڕە گەورەکەی بە جێگرەوەی خۆی دەستنیشانکرد.

لەسەر لافیتەیەکی گەورە کە لە شوێنی رێوەڕەسمی بەخاکسپاردنی شێخ محەممەد هەڵواسراوە و وێنەی کوڕ و باوکی لەسەرە، لەسەر زاری شێخ محەممەدەوە نووسراوە: "ئەو رێنوێنییانەی لە شێخ نەهرۆوە دەردەچن، بە مانای رێنوێنی لە خودی شێخەوە دێت، چونکە ئەو کوڕی گەورە و وەکیلی شێخە، هیچ کەسێک نوێنەرایەتی تەریقەتەکەی ناکات لە پاش شێخ جگە لە شێخ نەهرۆ".

هاوژینی شێخ ئەستێرەیەكی ناوداری سوورییە

رەنگە هاوسەرگیرییەكەی شێخ نەهرۆ بەلای كۆمەڵگەی كوردی و بەتایبەتی بەلای دەروێشەكانییەوە نامۆ بێ‌ و زۆر كەسیش زانیارییان لەبارەوە نەبێ‌.

شێخ نەهرۆ، ساڵی 2007 هاوسەرگیری لەگەڵ ئەستێرەی تەلەفزیۆنی و سینەمای سووری، نورمان عەلی محەممەد ئەسعەد ئەلزكری (نورمان ئەسعەد) كردووە. چوار منداڵی لە نورمان هەیە بەناوەكانی (تیجان، تاج، چنار و رۆژینا).

نورمان كە لەنێو خەڵكی كوردستان بەهۆی زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی (جمیل و هنا) ناسرا، ساڵی 1975 لە گوندی بناجروی سەر بە پارێزگای لازقیە لەدایكبووە. دوای زنجیرەی كۆمیدیی (جمیل و هنا) هاوسەرگیری لەگەڵ ئەكتەری بەناوبانگی سووری (ئەیمەن زێدان) كردووە. دوای ساڵێك لێی جیابووەتەوە، بەڵام جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە لای، لە ساڵی 2003 دیسان لە ئەیمەن جیابووەتەوە.

پاشان شووی بە عەدنان ئیبراهیم، دەرهێنەری عێراقی كرد، بەڵام تەنیا دوو ساڵ لەگەڵی مایەوە و لێی جیابووەوە. دواتر لە ساڵی 2007 شووی بە شێخ نەهرۆ كرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سودانی و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە رێوڕەسمى یادى 100 ساڵەى دامەزراندنى وەزارەتى دەرەوەى عێراق

سوودانى: وەزارەتى دەرەوە راسپێردراوە بەدواداچوون بۆ هەڕەشەکانى ئیسرائیل لەسەر عێراق بکات

محەممەد شیاع سوودانى دەڵێت، "رژێمى زایۆنى بە پاساوى بێ بنەما، هەڕەشەى لە عێراق کردووە و ئەوەش وایکرد، ئێمەش جەخت لەوە بکەینەوە کە نابێت عێراق بکرێتە شوێنێک هیچ هێرشێکی لێوە بکرێت. داوامان لە وەزارەتى دەرەوەش کردووە بەدواداچوون بۆ دۆسیەى هەڕەشەکەى زایۆنى بکات."