رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دانەگاز رایگەیاند، لە ناوەڕاستی ساڵی 2023دا رێژەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی زیاددەکات. زیادبوونەکەش لە ئەنجامی فراوانکردنی کێڵگەکەیە.
پاتریک ئاڵمانورد، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دانەگاز لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، ساڵی 2023 پرۆسەی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر تەواو دەبێت و لە ئەنجامدا بەرهەمهێنانی کێڵگەکە بە رێژەی 25% زیاد دەکات.
داناگاز نزیکەی 700 ملیۆن دۆلاری بۆ فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆری تەرخان کردووە. هەروەها پێشبینی دەکات لە نێوان ساڵانی 2018 تاوەکو 2027 بە نزیکەی 4.3 ملیار دۆلار لە کێڵگەکە وەبەرهێنان بکرێت.
کۆمپانیاکە رۆژانە هەزار ملیۆن تۆن گازی شلکراو "ئێڵ پی جی" و 15 هەزار بەرمیلی گازی خەستکراو "بی پی دی" بەرهەمدەهێنێت. فراوانکردنەکەش بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لە کێڵگەی کۆرمۆر بە رێژەی 25% زیاددەکات.
ئاڵمانورد پاتریک ئاشکرای کرد، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر بەرهەمهێنان و کارکردنی کۆمپانیاکە دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای داناگاز روونیکردەوە کە گرنگترین ئامانجی هەنووکەیی کۆمپانیاکە دەستگرتنە بەو بڕە پارەیەی لە هەرێمی کوردستان و میسر وەریگرتووە و هەروەها پلانی وەرگرتنی بڕە پارەیەکی زۆری دیکەیە کە هێشتا لە هەرێمی کوردستان و میسر وەرنەگیراوەتەوە.
کۆمپانیای دانەگاز بۆ وەبەرهێنانی گازی سرووشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی 2005 دامەزراوە. کۆمپانیاکە لە بازاڕی ئەبوزەبی تایبەت بە کاروباری دارایی تۆمارکراوە. کۆمپانیاکە لە ساڵی 2021دا توانی نرخی پشکەکانی بە رێژەی 45% بەراورد بە ساڵی پێشتر بەرز بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ