شێخانی بەرزنجەی قادركەرەم: مەلا جەمیل رۆژبەیانی بە دەسیسەی ئێمە نەکوژراوە

10-06-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن بەرنامەی پەنجەمۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بنەماڵەی شێخانی بەرزنجەی قادركەرەم وەڵامی خەسرەو جاف دەدەنەوە کە بە کوشتنی نووسەری کورد مەلا جەمیل رۆژبەیانی تۆمەتباری کردوون و لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێن: "قسەكەی بێ بنەمایە و راست نییە".
 
خەسرەو جاف لە بەرنامەی پەنجەمۆری کەناڵی رووداو کە کاوە ئەمین پێشکەشی دەکات. باسی لەوە کردبوو کە کوشتنی مەلا جەمیل رۆژبەیانی بە دەسیسەی بەرزنجییەكان و شێخ جەعفەر بووە.
 
بنەماڵەی شێخانی بەرزنجەی قادركەرەم لە روونکردنەوەیەکدا کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداویان ناردووە، ئەو تۆمەتە رەتدەکەنەوە و دەڵێن: "ئەم قسەیە زۆر گەورەیە و دەبێتە هۆی ورووژاندنی كێشەی كۆمەڵایەتی لەنێوان سێ هۆزی گەورەی كورددا، كە بەرزنجە و جاف و رۆژبەیانییە و كە ئێمە بێ تاوانین لێی".
 
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، خەسرەو جاف كە تۆمەتی كوشتنی مامۆستا مەلا جەمیل دەخاتە ئەستۆی بەرزنجییەكان "زۆر هەڵەیە" لەبەر دوو هۆکار:
 
یەكەم: قسەكەی بێ بنەمایە و راست نییە، كە دەشڵێ بەڵگەم هەیە بابەڵگەكان بخاتەڕوو، بەهەر حاڵ ئێمە رێكاری یاسایی دەگرینە بەر.
 
دووەم: خەسرەو جاف كە دەڵێ مامۆستا مەلا جەمیل بەرزنجییەكان كوشتوویانە، غەدر لە بیروباوەڕ و رووحی كوردایەتی مامۆستا مەلا جەمیل دەكات، كە گوایە لەسەر قەزیەی عەشایری كووژراوە و لەسەر ئەوە نەكوژراوە كە مێژوونووسێكی دڵسۆزی گەلی كورد بووە و قسەی هەقی كردووە و لە هەموو بوارێكدا وەڵامی كوردانەی خۆی هەبووە.
 
 
وەڵامێك بۆ قسەكانی خەسرەو جاف لە بەرنامەی پەنجەمۆر دا
 
بسم الله الرحمن الرحيم (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ)
 
هەندێ جار شەڕ یەخەت دەگرێت و تۆش ئاگات لە هۆی دروستبوونی ئەو شەڕە نییە.
 
شەوی یەكشەممە لە رێكەوتی 06-06-2021 لە كەناڵی رووداو، بەرنامەی پەنجەمۆر دیداری خەسرەو جاف بوو سەبارەت بە ئەدەب و بەسەر هاتی خۆی.
 
ئێمە هیچ ناڵێین لەسەر رابردووی ئەو ؟!تەنیا وەڵامێكمان هەیە بۆ ئەو قسە نەشیاوانەی كە تومەتێكی بێ بنەما و بێ دەلیل دەخاتە پاڵ هەموو ساداتی بەرزنجە و بەتایبەتی بنەماڵەی شێخی قادر كەرەم و جەنابی (شێخ جەعفەری شێخ عەبدولكەریمی قادر كەرەم) كەوا كوشتنی مامۆستا مەلا جەمیل رۆژبەیانی بە دەسیسەی بەرزنجییەكان و شێخ جەعفەر بووە. برای رۆژنامەنووس كاكە كاوە زیرەكانە پێیگوت: بەڵگەت هەیە كە ئەوان بوون؟
 
خەسرەو جاف گوتی: بەڵێ.
 
دەبووایە كاك كاوە وەك ئەركێكی رۆژنامەنووسی داوای بەڵگەكانی بكردایە كە بیخاتەڕوو لەسە ر شاشە ی رووداو، ئەگەر نا ئەو كۆپڵەیەی كە تێیدا خەسرەو جاف تاوانیكی بێ بنەما دەخاتە ئەستۆی ساداتی بەرزنجە و بنەماڵەی شێخی قادر كەرەم پەخش نەكردایە تاوەكو بەڵگەكان دەخاتەڕوو.
 
ئەم قسەیە زۆر گەورەیە و دەبێتە هۆی ورووژاندنی كێشەی كۆمەڵایەتی لەنێوان سێ هۆزی گەورەی كورددا، كە بەرزنجە و جاف و رۆژبەیانییە و كە ئێمە بێ تاوانین لێی. ئەوەش دەبێتە خاڵێكی دوور لە پرۆفیشناڵێتی لە كەناڵێكی جیهانی وەك رووداو.
 
ئەم قسەیە دوورە لە راستییەوە چونكە عەشیرەتی بەرزنجە ئەو تونایەیان هەیە كە ئەگەر شتێكیان لەسەر بگوترێت بتوان بە نووسیین وەڵامی خۆیان بدەنەوە، بەهیچ جۆرێك كوشتن و بڕین پیشەی ساداتی بەرزنجە و شیخانی قادركەرەم نەبووە بەڵكو رۆڵی ئاشتیخوازییان بینیوە بە درێژایی مێژوو لە ناوچەكەدا.
 
خەسرەو جاف كە تۆمەتی كوشتنی مامۆستا مەلا جەمیل دەخاتە ئەستۆی بەرزنجییەكان زۆر هەڵەیە لەبەر دوو هۆ، 
یەكەمیان: قسەكەی بێ بنەمایە و راست نییە، كە دەشڵێ بەڵگەم هەیە بابەڵگەكان بخاتەڕوو، بەهەر حاڵ ئێمە رێكاری یاسایی دەگرینە بەر.
 
هۆی دووەم: خەسرەو جاف كە دەڵێ مامۆستا مەلا جەمیل بەرزنجییەكان كوشتوویانە، غەدر لە بیروباوەڕ و رووحی كوردایەتی مامۆستا مەلا جەمیل دەكات، كە گوایە لەسەر قەزیەی عەشایری كووژراوە و لەسەر ئەوە نەكوژراوە كە مێژوونووسێكی دڵسۆزی گەلی كورد بووە و قسەی هەقی كردووە و لە هەموو بوارێكدا وەڵامی كوردانەی خۆی هەبووە.
 
ئەگەر ئەم تۆمەتە بنەمای هەبووایە كەسانێكی زۆر نزیكتر هەبوون لە شەهید مەلا جەمیلەوە لە پێشترن لە خەسرەو جاف و ساڵانێكی زۆر لە كوردستان بە ئازادی ژیان وەك خودا لێخوشبوو شوكر مستەفا، ئەو و بنەماڵەی مەلا جەمیل ئەو كارەساتەیان دەخستەڕوو.
 
ئەمانە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە پەیوەندی نێوان هەرسێ هۆزی بەرزنجە و جاف و رۆژبەیانی پەیوەندییەكی تووند و تۆڵ و مێژووییە، وەك ئاگادارین زۆربەی زۆری بەگزادەی جاف لەگەڵ ئەو بۆچوونەی خەسرەو هاوڕا نین، هەروەها ئەوە چەندین ساڵە یەكێك لە خزمانی عەشیرەتی رۆژبەیانی قسەی لە م جۆرەیان نەكردووە، نازانین بۆچی ئەم پیاوە هەر رۆژەی لە ئاوازێك دەخوێنێ و چ مەرامێكی هەیە لەم باسە.
 
هەر بۆ ئاگاداری هەموو لایەك باوكی ماموستا مەلا جەمیل، مەلا ئەحمەدی فرقان، مامۆستا و مەلای ئایینی تەكیەی قادر كەرەم بووە، هەروەها مامۆستا مەلا جەمیل هاوپۆل و هاوخەباتی شەهیدان شێخ مارف و شێخ حوسێنی بەرزنجی و شێخ حەسەنی شێخ محیەدین بووە لە سەرەتای پێگەیشتن و خەباتدا و خۆشەویستی شێخانی قادر كەرەم بووە.
 
دوای بڵاوبونەوەی ئەم نووسینە. ئێمە داواكارین لە تۆرَی میدیایی رووداو كە بە دواداچوونی دروست بكات بۆ ئەم بابەتە و راستیەكان بخاتەڕوو و هەروەها داواكارین لە خزمانی بەگزادەی جاف هەڵوێستی خویان دەربڕن بەرانبەر بە قسەكانی خەسرەو جاف و، هەر لێرەشەوە رێز و برایەتی و هاوخەمی بۆ هۆزی رۆژبەیانی دەردەبڕین.
 
بنەماڵی شێخانی بەرزنجەی قادركەرەم
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە