رووداو دیجیتاڵ
پارتی و یەکێتی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەسەر زۆرینەی خاڵەکان رێککەوتوون، ئەوەی ماوە کورسیی پێکهاتەکانە. لە دوایین کۆبوونەوەی ئەو دوو لایەنەدا کە شاندێکی یونامیش ئامادەی بوو، دوو حیزبەکە بڕیاریاندا چاوەڕوانی پێشنیازی یۆنامی بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی کورسیی پێکهاتەکان.
رۆژی سێشەممە 10ی نیسانی 2023، هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نوێنەری یونامی دوێنێ یەکشەممە بە فەرمی وەڵامی داینەوە لەسەر بۆچوونیان سەبارەت بە دەنگی پێکهاتەکان. ئەوان دوو پێشنیازیان هەیە. یەکەم ئەوەیە کە هەڵبژاردن بە یەک بازنەیی بەڕێوەبچێت؛ دووەمیش ئەوەیە کە هەڵبژاردن بە فرە بازنەیی بێت."
گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت، "یونامی جەخت دەکەنەوە کە لایەنەکان لەسەر دەنگدانی پێکهاتەکان رێکبکەون و ناشیانەوێت ببنە لایەنگر."
هاوار محەممەد باسی لەوەش کرد، پێشنیازەکەی یونامی لەسەر بنەمای کۆبوونەوەکانی خۆیان بووە لەگەڵ پێکهاتەکاندا.
کورسیی پێکهاتەکان 11 کورسییە لە 111 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان. پارتی لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردن و دەنگدانی پێکهاتەکان بە یەک بازنە بێت و دەشڵێت، پێکهاتەکان هەر بڕیارێک بدەن ئەوانیش پێوەی پابەندن؛ هەرچی یەکێتی و بەشێکی لایەنەکانی دیکەیە داوا دەکەن پێکهاتەکانیش بە فرەبازنەیی هاوشێوەی 100 کورسییەکەی دیکە یەکلابکرێنەوە.
دوایین کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە ئاستی بەش و دەزگای هەڵبژاردن 5ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو و تێیدا شاندی یونامی بەشداری کرد.
ناکۆکییەکان لە کاتێکدان، رۆژی 26-03-2023 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا مەرسوومی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن خستەڕوو و رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ