لیزا فەلەکەدین: وازهێنان لە سلێمانی، واتا وازهێنان لە 105 ملیۆن دۆلاری داهاتەکەی

10-04-2022
هیدایەت جان
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، سوورن لەسەر بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان. لەبارەی لێدوانەکەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە داوای کردووە واز لە سلێمانی بهێندرێت، دەڵێت، ئەو داوایە واتای ئەوەیە واز لە داهاتی مانگانەی سلێمانی بهێنین کە 105 ملیۆن دۆلارە.
 
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، کە میوانی بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12ی کەناڵی رووداو بوو و رایگەیاند: "نەچوونە سەرکاری وەزیری دارایی بووەتە بەربەستێکی دیکە بەرامبەر پرسە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."
 
لیزا فەلەکەدین گوتی: "بەهۆی ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەنگ بە وەزیری دارایی دراوە و بووەتە وەزیر، پێویستە بێتە پەرلەمان و روونکردنەوەی پێویست بدات لەسەر ئەوەی، کە بۆچی ناچێتە سەر کارەکەی".
 
لیزا فەلەکەدین پێیوایە ئەگەر هەر وەزیرێک بیەوێ لە ماڵەکەی خۆی کارەکانی رایی بکات، ئەوکات پێویست بە وەزارەت و ئەو بودجە زۆرەش ناکا،ت کە بۆ وەزارەتەکان تەرخان کراوە.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمان سوورە لەسەر ئەوەی وەزیری دارایی بەر لەوەی دەستلەکارکێشێتەوە بچێتە بەردەم پەرلەمان و گوتی: "پێشتر لە رێگەی لیژنەی دارایی پەرلەمانەوە داوامان کردووە وەزیری دارایی روونکردنەوە بدات، بەڵام روونکردنەوەی پێویست نەدرا، بۆیە ناچار بووین بە کۆکردنەوەی واژۆ بانگهێشتی پەرلەمانی بکەین".
 
شەوی رابردوو قوباد تاڵەبانی لە کۆڕبەندی ئابووری دێلفی لە یۆنان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، با لایەنەکان واز لە سلێمانی بهێنن و کێشەی مووچە تەنیا پەیوەست نییە بەو پارێزگایەوە، بەڵکو پەیوەستە بەو قەیرانە داراییەی سەرجەم هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.
 
لیزا فەلەکەدین کاکەیی لەو بارەیەوە دەڵێت: "وەک ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمان، زۆر بە روونی دەڵێم، لە سەرەتای ئەمساڵەوە یەک دیناری داهاتی سلێمانی نەگەڕاوەتەوە حکومەت، ئێمە ناڵێین هەموو داهاتی سلێمانی بگەڕێتەوە، بەڵکو دەڵێین با ئەو کورتهێنانەی مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی پێ پڕ بکرێتەوە و ئەوی دیکەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی پێ تەواو بکرێت".
 
لیزا فەلەکەدین گوتیشی: "سلێمانی مانگانە خاوەنی 105 ملیۆن دۆلار داهاتە، نابێت ئێمە پرسیاری ئەوە بکەین، کە ئەو داهاتە چی لێدێت؟ جەنابیان کە دەڵێن واز لە سلێمانی بهێنن، واتا ئێمە واز لەو 105 ملیۆن دۆلارە بهێنین و نەزانین چارەنووسی ئەو پارەیە چی بەسەردێت".
 
بەگوتەی پەرلەمانتارەکەی پارتی، مانگی دوو بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی پارێزگای سلێمانی 49 ملیۆن دۆلار پێویست بوو، لەکاتێکدا داهاتی سلێمانی 105 ملیۆن دۆلارە و زۆر بە ئاسانی دەیانتوانی مووچەی فەرمانبەران بە تەواوەتی بدەن، بەڵام نەدرا. تائێستاش مووچەخۆری پارێزگای سلێمانی هەیە مووچەی مانگی دووی وەرنەگرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە