کوردستان
باڵەخانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە رۆژی شەممەوە پشووی بەهارە لە ناوەندەکانی خوێندن دەستپێدەکات و تاوەکو 24ـی مانگ بەردەوام دەبێت. گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت، پشووەکە ئەوان ناگرێتەوە. قایمقامی هەولێریش ئاماژە بەوە دەکات، دەوامی فەرمانگەکان ئاسایی دەبێت و پشوو نابێت.
رۆژی هەینی، 10ـی ئاداری 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە 11ـی ئادارەوە تاوەکو 24ـی ئادار پشووی وەرزی بەهارەیە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و رۆژی 25ـی ئادار دەوام دەستپێدەکاتەوە.
لەو بارەوە ئەمڕۆ هەینی، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو پشووەی راگەیێندراوە زانکۆ و پەیمانگەکان ناگرێتەوە و تایبەتە بە وەزارەتی پەروەردە. گوتیشی: "پشووی زانکۆ و پەیمانگەکان بەگوێرەی خشتەی خۆیانە و پەیوەندی بەو راگەیێندراوەوە نییە".
هاوکات نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو پشووەی راگەیێندراوە فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و بۆ فەرمانگەکان "رەنگە سێ رۆژ پشوو رابگەیێندرێت".
قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد کە پێش نەورۆز پشووی جەژنی نەورۆز بۆ هەموو فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان رادەگەیێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ