رووداو دیجیتاڵ
رۆدی عەلی، چالاکڤان و یەکێک لەو کەسانەی بە هاوکاریی چەند چالاکڤانێک هاوکاریی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی رۆژئاوای کوردستان لە ئەڵمانیا، هۆڵەندا و بەلجیکا کۆدەکاتەوە، دەڵێت، دۆخی رۆژئاوای کوردستان خراپە و هاوکارییەکان زۆر کەمن.
رۆدی عەلی میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو کە هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشی دەکات، لەبارەی هاوکارییەکانیان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا رایگەیاند، ئێستا زۆربەی دەروازە سنوورییەکان داخراون و ناتوانرێت بە ئاسانی هاوکارییەکان بگەیێندرێت.
ئەو ژنە چالاکڤانە کوردە باسی لەوە کرد، "ئەمڕۆ یەکەم کاروانی هاوکاری لە دەروازەی حەمام گەیشتە عەفرین کە پێکهاتبوو لە کامیۆنێکی جلوبەرگ و بەتانی، لە عەفرین تیمێکی چەند کەسیمان لەوێ هەن و هاوکارییەکان لە نێوان عەفرین جندرێس دابەش دەکەن".
رۆدی عەلی گوتیشی، "گرنگترین هاوکاری ئێستا بۆ رۆژئاوای کوردستان پارەیە، هەرچەندە بڕێک پارە نێرداوە، بەڵام چەکداران لە هەرێمی عەفرین پارەی هاوکارییەکان دەدزن، بۆیە توانیمان لە رێگەی کەسێکەوە کە متمانەپێکراوی ئێمەیە پارە بگەیێنین بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە".
چالاکڤانە کوردەکە گلەیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە وەک تورکیا هاوکاریی رۆژئاوای کوردستان و سووریا ناکەن و گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ تیمێکی نێودەوڵەتی نەچوونەتە عەفرین، تەنانەت حکومەتی ئەڵمانیا بەهۆی نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سووریا هاوکاریی نانێرێت بۆ عەفرین، واتە ئەوەی حکومەتی ئەڵمانیا وەک هاوکاری بۆ تورکیای کردووە، بۆ سووریا و رۆژئاوای کوردستانی نەکردووە."
رۆدی عەلی ئاشکرایکرد، هەموو عەفرینییەکانی دیاسپۆرا هاوکاریی لێقەوماوانی عەفرینیان کردووە و کۆمەکەکانیان لە رێگەی جیاوازەوە گەیاندووە بە لێقەوماوانی شارەکەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ