کۆنسوڵی فەلەستین لە هەولێر: پشتیوانیی هیچ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە عەفرین ناکەین

11-01-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نەزمی حزوری، کۆنسوڵی فەلەستین لە هەولێر
نەزمی حزوری، کۆنسوڵی فەلەستین لە هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆنسوڵی فەلەستین لە هەولێر دەڵێت، ئەوان پشتیوانی لە هیچ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە عەفرین ناکەن و ئەو رێکخراوانەشی لە ژێر ناوی فەلەستین ئەو کارانە دەکەن، نوێنەرایەتیی فەلەستین ناکەن. دەشڵێت، دەسەڵاتی فەلەستین هەموو هەنگاوێک رەتدەکاتەوە کە ببێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان گەلی فەلەستین و کورد. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رێکخراوێکی فەلەستینی بە ناوی "دڵسۆزیی خێرخوازی" لە نزیک شاری جندرێسی رۆژئاوای عەفرین کۆمەڵگەیەکی بۆ ئەو عەرەبە هاوردانە دروستکردووە کە دوای داگیرکردنی شارە کوردیەکە لە لایەن تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییە نزیکەکانییەوە، لەسەر ماڵ و حاڵی کوردانی ئاوارەبوو نیشتەجێبوون. 
 
رۆژی سێشەممە، 10ـی کانوونی دووەم، نەزمی حزوری، کۆنسوڵی فەلەستین لە هەولێر بە هەڵەبجە سەعدوون، پەیامنێری رووداوی گوت: "هیچ پڕۆژەیەکی فەلەستینیی فەرمی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە عەفرین یان هەر شوێنێکی دیکەی نێو خاکی سووریا نییە."
 
حزوری ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پڕۆژانەی کە پێشتر باسیان لێ کراوە "سەر بە دامەزراوە و رێکخراوی ئایینین کە ناوی فەلەستینییان هەیە، هەروەک چۆن رێکخراو و دامەزراوە بە ناوی وڵاتانی دیکەی عەرەبییەوە هەن."
 
بەڵام کۆنسوڵی فەلەستین جەختیکردەوە کە "هەڵوێستی فەرمیی فەلەستین ئەوە بووە هەر پڕۆژەیەک بە ناوی فەلەستینەوە بکرێت، رەتیدەکاتەوە و نوێنەرایەتیی هەڵوێستەکەی ناکات."
 
لە پڕۆژەکەی شاری جندرێس، لە چارەکی سێیەمی ساڵی رابردوودا 34 یەکەی نیشتەجێبوون رادەستی عەرەبە هاوردەکان کران و بڕیاربوو 80 یەکەی دیکەش ئامادە بکرێن. ئەو فەلەستینییانەی کە بودجەی پڕۆژەکە دابین دەکەن، دانیشتووی گوندێکی قودس/ئۆرشەلیمن. 
 
ئەیلوولی رابردوو، عەبدین رەشۆ، سیاسەتڤانی کوردی خەڵکی عەفرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامانج لە دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەکە "مانەوەی عەرەبە هاوردەکانە لە عەفرین".
 
بەڵام کۆنسوڵی فەلەستینی روونیکردەوە کە "ئەو کۆمەڵە و دامەزراوانە دەربڕین لە هەڵوێستی فەرمیی فەلەستین ناکەن کە خۆی لە بەئەمەکبوون بەرامبەر بە کورد و کوردانی سووریا کە بە خوێن و بە بڕوا پشتیوانییان لە پرسی فەلەستین کرد، دەبینێتەوە." حزوری گوتیشی: "هەر جموجووڵێک رەتدەکەینەوە کە ببێتە هۆی دروستبوونی ئاژاوە لە نێوان گەلی فەلەستین و گەلی کورد".
 
18ـی ئەیلوولی رابردوو، ریاز مالیکی، وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی فەلەستین لە بارەی پڕۆژەکەوە نامەیەکی ئاراستەی ریشسپییەکانی عەفرین کرد و تێیدا جەختیکردبووەوە ئەو کۆمەڵە و رێکخراوە فەلەستینییانەی پشتیوانیی پڕۆژەکە دەکەن، نوێنەرایەتیی فەلەستین ناکەن. 
 
لە 20ـی کانوونی دووەمی 2018، سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا هێرشێکی بەرفراوانی زەمینی و ئاسمانییان بۆ سەر عەفرین دەستپێکرد کە ئەو کات لەژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانان بوو.
 
شاری عەفرین لە 18ـی ئاداری 2018 کەوتە دەست سوپای تورکیا و گرووپە سوورییە چەکدارەکانی نزیک لێیەوە. لە ئەنجامی هێرشە قورسەکان و کەوتنی شارەکە بە دەستی هێزە چەکدارەکان، سەدان هەزار کورد ماڵ و ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشت و بوونە پەنابەر و کۆچبەر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە