زبڵ و خاشاک سرووشتی دڵگیری حاجی ئۆمەرانی تەنیوە؛ 'دەمانەوێت زبڵخانەیەکی مۆدێرن دروست بکرێت'

10-07-2024
ئەندام جەبار
دیمەنێکی سرووشتی حاجی ئۆمەران کە پڕە لە زبڵ و خاشاک. وێنە: رووداو
دیمەنێکی سرووشتی حاجی ئۆمەران کە پڕە لە زبڵ و خاشاک. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - حاجی ئۆمەران

دووكەڵی سووتانی زبڵ و خاشاک لە حاجی ئۆمەران تێکەڵ بە سرووشتە جوان و دڵگیرەکەی دەبێت. لەسەر ئەو رێگە گشتییەی هەرێمی کوردستان بە ئێرانەوە دەبەستێتەوە، کەڵەکەی زبڵ و پاشماوەکان رۆژ بە رۆژ بەرز دەبنەوە؛ بە تەنیشتی زبڵخانەکەوە خەڵک لەبەر بۆنی پیس داد و بێدادیانە.
 
هیوا حاجۆمەرانی، هاونیشتمانی دەڵێت، "ئەم زبڵ و خاشاکە زۆر بێزاری کردووین، رۆژانە و هەفتانە ئەو کێشەیە دووبارە دەبێتەوە بۆ ئێمەو بۆ گەشتیاران؛ خەڵکی حاجی ئۆمەران بەگشتی دووکەڵ و بۆنی ناخۆش هەراسانی کردووین."
 
چێشتخانەیەکی گەورە کە بە تێچووی 60 دەفتەر دۆلار لە دەروازەی ئەو شارۆچکەیە دروستکراوە، تائێستا میوانێک نانی لێ نەخواردووە. خاوەنی چێشتخانەکە چەند جارێک سکاڵای بێ بازاڕی و زیانەکانی گەیاندووەتە لایەنی پەیوەندیدار و وەڵام نەدراوەتەوە.
 
ئیبراهیم حەمدان، هاونیشتمانی دەڵێت، "ئەوەی هەمبوو، هەموویم بۆ دروستکردنی ئەو چێشتخانەیە تەرخان کرد، تائێستا دینارێکم سوود لێ نەکردووە، چەند کەسێک هاتوون لێم وەربگرن بە کرێ یان بۆ فرۆشتن، پەشیمان بوونەتەوە لەبەر ئەم زبڵە."
 
بەگوێرەی گرێبەستی حکومەت لەگەڵ کۆمپانیای پاککەرەوە، دەبێت کۆمپانیا زەوییەک بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە دووریی ئاوەدانی و لە دەرەوەی سنووری شارەوانی دابین بکات بۆ فڕیدانی زبڵ و خاشاک.
 
12 ساڵە ئەو شوێنە نزیک ئاوەدانی وەکو شوێنی فڕێدانی زبڵ و پاشماوەکان بەکاردەهێندرێت و تەنیا 200 مەتر دوورە لە ماڵ و خانووە گەشتیارییەکان.
 
رێباز کەمال، سەرۆکی شارەوانیی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، "ئەو شوێنە شوێنێکی ناچارییە، دەرخستەیەکمان کردووە، دەرخستەکەمان لە داراییە بە بڕی 600 ملیۆن دینار، هەم رێگەیەکی یەک کیلۆمەتری و هەم زبڵخانەیەکی مۆدێرن دروست بکرێن لە دووریی ئەو شوێنەی ئێستا، بۆئەوەی بتوانین هەم کێشەی هاووڵاتییان و هەم کێشەی سەنتەری شارەوانییش بە زووترین کات چارەسەر ببێت."
 
رۆژانە لەو شارۆچکەیە شەش تۆن زبڵ و خاشاک لەبەردەم ماڵی هاونیشتمانیان هەڵدەگیرێتەوە؛ ئەمەش جگە لەو کەلوپەل و خۆراک و کاڵایانەی لە دەروازەی سنووری دوای دەرنەچوونیان لە پشکنین، بۆ لەناوبردنیان دەبرێنە ئەوێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە