نزیکەی دوو هەزار دەروێش بە زیكرەوە سنووریان بڕی

09-07-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن شێخ محەممەد کەسنەزانی دەروێش ئێران رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-
رووداو - سلێمانی

لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە سەتان كەس لە دەروێش و شوێنكەوتووانی شێخ محەممەدی كەسنەزانی دەربازی باشووری كوردستان بوون و ژمارەیان بە نزیكەی 2000 كەس مەزەندە دەكرێت.
 
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ 9ی تەممووزی 2020 سەتان دەروێش و شوێنكەوتووی شێخ محەممەدی كەسنەزانی بۆ رێورەسەمی بەخاكسپاردنی رێبەری تەریقەتی قادری، شێخ محەممەی كەسنەزانی لەدەروازەی باشماخەوە هاتنە هەرێمی کوردستان، كە بڕیارە سبەی هەینی لە سلێمانی بە خاك بسپێردرێت.
 
 هاتنی ئەم دەروێشانە سەرەڕای رێگری پاسەوانی سنووری ئێران و سوپای پاسداران بووە كە لە ئەنجامی شەڕ و تێكهەڵچوونیان لەگەڵ پاسدارنی ئێران لەسەر سنووری رۆژهەڵات و باشووری كوردستان، 6 كەس لە دەروێشەكان بریندار بوون. بەپێی ئەو  زانیاریانەی لەسەر سنوورەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون، شوێنكەوتووانی شێخ محەممەد زیاتر لە شارەكانی مەریوان، سەقز، سنە و بانەوە هاتوون. 
 
سەرەتا بەشێكیان هاتوونەتە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ و پاشان كە ژمارەیان زۆر دەبێ بەرەو دەروازەكە هورووژم دەهێنن و سەرەڕای رێگری هێزەكانی سوپای پاسداران، دەرگا و دەروازەكان دەشكێنن و ئاودیوی خاكی باشووری كوردستان دەبن. سێ لە برینداران سەرەڕای برینداربوونیان نەگەڕاونەتەوەو لەگەڵ لێشاوی دەروێشەكان بە زیكر و حاڵی دەروێشانە و بەدەم دەفەوە سنوور دەبڕن.
 
 بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، كاتێك دەروێشەكان بەبێ گوێدانە تەقەكردنی هێزەكانی ئێران، دەروازەكە دەبڕن، هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی لە دیوی باشووری كوردستان رێگری تووندیان لێناكەن و هەر بەو بەزم و حاڵەوە بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان درێژە بە رێگەكەیان دەدەن بەرەو سلێمانی رێگە دەبڕن.
 
هەندێك سەرچاوەی خۆجێی لە چەند گوندێكی سنووری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، كە ئەمڕۆ سەرلەبەیانی یەكەمین كۆمەڵی ئەو دەروێشانە كە ژمارەیان زیاتر بووە لە 100 كەس، بە قاچاخ سنووریان بەزاندووەو بەرەو سلێمانی بەڕێكەوتوون. دوای ئەوە ئێوارە ئەوانیدیكە بە ژمارەی زۆرترەوە بە هورژووم بەرەو دەروازەی سنووری هاتوون.
 
هاتنی ئەم دەروێشانە لەكاتێكدایە كە هەموو سنوورە فەرمی و نافەرمییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوە ڤایرۆسی كۆڕۆنا داخراون و جگە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هیچ كەس بۆی نییە بۆ هیچ مەبەستێك بێتە هەرێمی كوردستان.
 
بەڵام بەگشتی تائێستا نزیكەی 8 هەزار دەروێش هاتوونەتە سلێمانی و بەشێكی زۆریان چوونەتە تەكیەی گەورەی شێخ محەممەدی كەسنەزانی بۆ بەشداریكردن لە پرسە و رێوڕەسمی بە خاكسپاردنیدا.
 
 رۆژی 4ی تەممووزی 2020، شێخ محەممەدی شێخ عەبدولكەریم كەسنەزانی رێبەری تەریقەتی قادری لە تەمەنی 82 ساڵیدا لە ئەمریكا كۆچی دواییكرد. بڕیارە سبەی رۆژی هەینی 10ی تەممووزی 2020 تەرمی شێخ محەممەد كەسنەزانی لە ئەمریكاوە بگاتەوە هەرێمی كوردستان و لە سلێمانی بە خاك بسپێردرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە