رووداو دیجیتاڵ
نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ و بەشی چاودێری چڕ دیارترین گرفتەکانی کەرتی تەندروستییە لە سۆران، ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە چاودێری چڕی پزیشکی هەیە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر ناچارن سەردانی هەولێر بکەن. ئەمە لەکاتێکدایە لە سنوورەکەدا حەوت نەخۆشخانەی گشتی و 100 بنکەی تەندروستی هەن.
منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ لە سۆران، لە سەربان کەوتووەتە خوارەوە و زیان بەر سەری کەوتووە، بەڵام لە نەخۆشخانەی گشتیی ئاشتی لە سۆران، پزیشکێکی پسپۆڕی لێ نییە شیکاری تەواو بۆ گرفتەکەی بکات.
دکتۆر رێبوار پیرباڵ، پزیشکی نیشتەجێی خولاو دەڵێت: "دوو کاژێر لەناو ئەمبوڵانس دەبێت بەبێ ئەوەی پسپۆڕێکی مێشک و دەمار بیبینێت کە ئەوە کوفرە بەڕاستی."
ئازاری زۆری منداڵەکە و چەند جارێک گەشکە و لەهۆشچوون، ناچاریان دەکات منداڵەکە رەوانەی هەولێر بکەن.
ئەرشەد گۆزی، باوکی منداڵە نەخۆشەکەیە و گوتی: خوا قبووڵی دەکات لێرە دکتۆرێک نییە چارەسەری بکات، هیچ ئامێرێک نەبێت لەو نەخۆشخانە گەورەیەدا، منداڵەکەم پێویستی بە چاودێری چڕە و چەند جار رشاوەتەوە.
نەبوونی چاودێری چڕ گرفتە گەورەکەی کەرتی تەندروستییە لە سۆران. گرفتی نەبوونی ئەو بەشە تەنیا بۆ هاونیشتمانییان کێشە نییە، بەڵکو خەرجییەکی زیاتری خستووەتە سەر کەرتی تەندروستی ئەو شارە.
ئازاد ساڵح، بەرپرسی کارگێڕیی نەخۆشخانەی ئاشتی دەڵێت: ئێمە چاودێری چڕمان نییە، بە ناچاریی دەبێت نەخۆش بنێرینە هەولێر، دەبێت ئەمبوڵانس بنێرین و ستافی تەندروستی و دکتۆرێکی لەگەڵ بنێرین؛ ئەمە جگە لە گلەیی خەڵک.
دیارترین گرفتەکانی کەرتی تەندروستی لە سۆران نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ و چارەسەرنەکردنی نەخۆشە لە نەخۆشخانەکانی شارەکە.
دکتۆر کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو کێشەیە چەند ساڵێکە هەیە و تازە نییە، ئێمە پلانمان بۆ داناوە و رۆژانە خەریکی ئەوەین هێزی مرۆیی بۆ دابین بکەین هەمیش کەرەستە و ئامێری پێویستی دابین بکەین، ئێستا هەم هێزە مرۆییەکە خەریکە ئامادە دەکەین هەم بودجەشمان هەیە و لە ماوەیەکی کورتدا بەشەکە دەکەینەوە و چیدیکە پێویستمان بە هەولێر نابێت.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، حەوت نەخۆشخانەی گشتی و 100 بنکەی تەندروستی هەن، بەڵام خراپیی کەرتی تەندروستی لەو سنوورە هێشتا لە ریزبەندی یەکەمی ئەو کەرتانەیە کە هاونیشتمانییانی ناوچەکە کێشەی بەردەوامیان لەگەڵدا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ