رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو رایدەگەیێنێت کە گۆڕانکاری لە پێشکێشکاری بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا دەکات و، نوێنەر فاتیح دەبێتە پێشکێشکاری بەرنامەکە. ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی رووداوە بۆ دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی تۆڕەکە کە چەندین کاری نوێی دیکە لەخۆ دەگرێت.
نوێنەر فاتیح یەکێکە لە رۆژنامەڤانە دیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداو. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین ئەرکی دیکەی لەنێو تۆڕەکەدا بەجێگەیاندووە. ساڵی 2015 وەک پرۆدیوسەری بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کاری رۆژنامەڤانی لە رووداو دەستپێکردووە. بێستوون نووری، بەڕێوەبەری نیوزگازەرینگی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت: '' نوێنەر فاتیح، لە سەرەتای کارکردنی لە رووداودا، پرۆدیوسەری ئەم بەرنامەیە بوو، رۆڵی باشی هەبوو لە سەرکەوتنی بەرنامەکەدا، دوای ئەوە سەرکەوتووانە بەڕێوەبەرایەتیی چەند بەشێکی رووداوی کردووە، رۆژنامەڤانێکی بە ئاگایە لە رووداوەکان و گفتوگۆکارێکی باشە".
رووداوی ئەمڕۆ بەرنامەیەکی رۆژانەیە، شرۆڤەی رووداوەکانی رۆژ دەکات و پێشبینییەکان شەنوکەو دەکات. جگە لە رۆژانی پێنجشەممە و شەممە، لە کاژێر 21:00 بە کاتی هەولێر پێشکێش دەکرێت، رۆژانی هەینیش کاژێر 22:00 پێشکێش دەکرێت.
نوێنەر فاتیح سەبارەت ئەرکە نوێیەکەی دەڵێت: "هەواڵەکان لەوە ئاڵۆزترن کە رۆژانە دەبیسترێن و، زیاتر لە دیوێکیان هەیە، خستنەڕووی وردەکاری رووداوەکان وردبوونەوە و بەدواداچوونیان پێویستە، کاری رووداوی ئەمڕۆ ئەوەیە وردەکاری و پشتی رووداوەکان بە بینەر و بیسەری رووداو بگەیێنێت. لە رووداوی ئەمڕۆ دا دەمەوێت بەشێوەیەکی بابەتیانە لەگەڵ ئەو میوانانەی زانیارییان لایە، هەواڵەکان شیبکەمەوە، زیاتر لە بۆچوونێکیش بخەمەڕوو".
بێستوون عوسمان، پێشکێشکاری پێشووی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو بەردەوامدەبێت و لە وەرزی نوێدا، دەبێتە پێشکێشکاری بووڵتەنی کاژێر هەشتی بەیانیان.
پرۆفایلی نوێنەر فاتیح
• لە شاری کەرکووک لەدایکبووە، دیبلۆمی هەیە لە راگەیاندن.
• زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگlیزی و فارسی دەزانێت.
• لە ساڵی 2008ەوە لە بواری راگەیاندن دا کار دەکات، لە چەندین رۆژنامە و دامەزراوەی میدیایی نێوخۆ و دەرەوە وەک پەیامنێر و هەواڵساز کاریکردووە.
• لە ساڵی 2015ەوە لە تۆڕی میدیایی رووداو کار دەکات، سەرەتا وەک پرۆدیوسەری بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کاریکردووە.
• لە ساڵی 2018 بووەتە بەڕێوەبەری بەشی پلاندانانی تۆڕی میدیایی رووداو.
• لە ساڵی 2020 بووەتە بەڕێوەبەری رادیۆی رووداو.
• لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021ی عێراق، بەڕێوەبەری دێسکی هەڵبژاردن بووە، دواتر بەڕێوەبەری بەشی ئینتەیک بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ