رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "پێشنیاز کراوە جارێکی دیکە عێراق قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ مووچە، چونکە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە پێویستی بە کاتە." دەشڵێت، ئەگەر بەرپرسانی کورد و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا نەتوانن گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکەن، مانەوەیان لە بەغدا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
رۆژی شەممە 06-01-2024 شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی مووچە سەردانی بەغدای کرد. شاندەکە لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی هەرێمی کوردستان پیکهاتبوو.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گەڕاوەتەوە، گفتوگۆکانی ئەمجارەی شاندەکە تایبەت بووە بە هەمواری یاسای بودجەی 2024، هەرێمی کوردستان دوو پێشنیازی هەیە بۆ هەمواری یاسای بودجە، یەکێکیان پەیوەستە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەوی دیکەش کرێی دەرهێنانی نەوتە لە هەرێمی کوردستان."
ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموارکردنەوەی یاسای بودجە پێویستی بە کاتە، چاوەڕوان دەکرێت یاسای بودجە کاتێکی زۆری پێویست بێت بۆ هەموارکردنەوە، چونکە گرفتێکی گەورەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقە."
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری گوتیشی، "پێشنیاز کراوە جارێکی دیکە حکومەتی عێراق قەرز بدات بە هەرێمی کوردستان، دەبێت سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بیخاتە دەنگدانەوە، ئەگەر دەنگی هێنا ئەوا جارێکی دیکە عێراق قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات، تاوەکو ئێستا کەس نازانێت چارەنووسی مووچەی مانگی یەک چی دەبێت، جگە لەوە مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردوو فەوتاوە."
لەبارەی ئەوەی حکومەتی عێراق دەیەوێت مووچەی هەرێمی کوردستان بدات، سۆران عومەر دەڵێت، "عێراق نایەوێت مووچە بدات، هەرێمی کوردستان چارەسەری دیکەی نییە، نەوت راگیراوە، داهاتی نێوخۆ مووچەی لێنادرێت، پێویستە بیر لە چارەسەری ریشەیی کێشەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بکەینەوە، ئەگەر نەتوانین ئەوە بکەین، بوونی هەرچی پۆستی کوردە لە بەغدا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، حەقی خەڵکە بڵێت ئێوە بۆ مووچە و ئیمتیازات لە بەغدان."
سۆران عومەر ئاماژەی بەوەش کرد، "عێراق نەوتی هەرێمی کوردستانی ناوێت، هەناردە نەکردنی نەوتیشی کردووەتە بیانوویەک بۆئەوەی بودجە نەنێرێت، کرێی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زۆرە و عێراق نایەوێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوسۆزە لەگەڵ گرفتەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە سوودانی تەنیا کەس نییە کە لە بەغدا بڕیار دەدات."
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، "کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دواخرا و کاتی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بە فەرمی بەربژێر نەکراوە بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەتوانێت هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان بەکاربهێنێت تاوەکو سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، موحسین مەندەلاوی بەردەوام دەبێت لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تاوەکو سوننەکان رێکدەکەون."
رۆژی 6ی کانوونی دووەمی 2024 هەریەک لە موحسین مەندەلاوی و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگرانی یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە و بڕیاریان دا رۆژی 9ی ئەم مانگە فراکسیۆن و لیژنەکان دەست بە کارەکانی یاسادانان و چاودێرییان بکەنەوە، ئاماژەیان بۆ ئەوەش کرد کە وادەیەک بۆ کۆبوونەوەیەکی ئاسایی دیاری دەکەن بۆ تەواوکردنی بەرکەوتەکانی یاسادانان و چاودێری، جگە لە دیاریکردنی کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان.
لە مادەی 22 لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراقدا هاتووە، ساڵانە پەرلەمان دوو وەرزی یاسادانانی هەیە، کە هەشت مانگە و هەر وەرزێکی چوار مانگە، بەشێوەیەک هەموو ساڵێک وەرزی یەکەم لە یەکی ئادار تاوەکو 30ی حوزەیران دەبێت؛ وەرزی دووەمیش لە یەکی ئەیلوول دەستپێدەکات تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەم؛ هیچ وەرزێکی یاسادانان کۆتایی نایەت تاوەکو یاسای بودجە پەسند نەکرێت؛ مانگانەش نابێت پەرلەمان لە هەشت دانیشتن کەمتر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ