بەرپرسێکی پەروەردەی سلێمانی: پرۆگرامەکانی خوێندنمان کەمکردوونەتەوە

09-01-2024
ژیڤان بەکر
نەژاد عەبدوڵڵا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی
نەژاد عەبدوڵڵا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی
A+ A-
هەولێر دیجیتاڵ

یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری سلێمانی، چڕکردوونەتەوە. پرۆگرامی تایبەتیان بۆ ئەو ناوەندانە داناوە، کە لە قۆناخی چوار تاوەکو 11ـی ئامادەیی دەوامیان نەکردووە. 
 
نەژاد عەبدوڵڵا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە بووڵتەنی نیوڕۆژ بە رووداوی راگەیاند "بەڕێوەبەری پەروەردەکان، چەند رۆژێکە لەگەڵ بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خۆیان کۆدەبنەوە. هەوڵمانداوە و کاری زۆر باشمان کردووە؛ هیوادارین مامۆستایان ناوەندەکانی خوێندنمان بۆ گەرموگوڕ بکەنەوە."
 
لە 13-09-2023ـەوە ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 دەستیپێکردووە، بەڵام مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین، لەگەڵ پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
 
نەژاد عەبدوڵڵا لەبارەی ئاماری دەوامکردنی ناوەندەکانی خوێندن  دەڵێت "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی گشتیی سلێمانی 1408 ناوەندی خوێندنمان هەیە. بەداخەوە تاوەکو ئێستا 219 ئامادەییمان هەیە کە 167ـیان دەوام دەکەن، ئەوانیش تەنیا پۆلی 12ـکانیان. لە قۆناخی بنەڕەتیدا 35 قوتابخانەی (1 بۆ 9) و (7 بۆ 9) دەوامیان کردووە. 10 قوتابخانەی (1 بۆ 6) لە دەوامن. بەڵام ئەمڕۆ بینیمان مامۆستایان گەڕانەوە ناوەندەکانی خوێندن، بەڕێوەبەرەکان لە کۆبوونەوەدا بوون. بۆیە هیوادارین لەم چەند رۆژەی ئاییندەدا مامۆستایان بگەڕێنەوە نێو ناوەندەکانی خوێندن و جارێکی دیکە دەرگەی قوتابخانەکان بەڕووی قوتابیان بکەنەوە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، نووسراوێکی تایبەت بە ساڵنامەی خوێندنی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکانی کردووە بۆ ئەوەی لە سێشەممەوە، (ئەمڕۆ) 9ـی کانوونی دووەم، قوتابخانەکان بکرێنەوە. یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوە دا "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی گشتیی سلێمانی 39 هەزار و 12 مامۆستا و فەرمانبەرمان هەن. هەروەها شەش هەزار مامۆستای وانەبێژمان هەن. ئەرکێکی قورسیان لەسەر شانە؛ خۆشبەختانە وەزارەتی پەروەردە بەدەم داواکارییەکانیانەوە هاتووە. هیوادارم هەموویان بگەڕێنەوە دەوام. سبەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە، داوادەکەین ئەنجوومەنی وەزیران ئاوڕێکی جدی لەو داواکارییانەیان بداتەوە."
 
لەبارەی گونجاندنی پڕۆگرامی خوێندنی ئەو سنوورانەی دەوامیان کردووە لەگەڵ ئەو سنوورانەی دەوامیان نەکردووە، نەژاد عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد "پڕۆگرامی تایبەتمان بۆ ئەو ناوەندانە داناوە، کە لە قۆناخی چوار تاوەکو 11ـی ئامادەیی دەوامیان نەکردووە. هەروەها پرۆگرامەکانمان کەمکردوونەتەوە."
 
ساڵانە کۆشک (حانووت)ـی قوتابخانەکان بەزیادکردنی ئاشکرا دەدرێنە کاسبکارانی ناوچە و ناوەندەکانی خوێندن. ئەوانەی دەبنە خاوەن کۆشکی قوتابخانە، پێویستە پارەکە پێشەکی بدەنە حکومەت و وەزارەتی پەروەردە. لەو بارەوە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی روونیکردەوە "بەداخەوە بارودۆخی ئەمساڵ ناهەموار بوو، پارەی حانووتەکان نزیکەی چوار ملیار دینار بووە و بۆ خاوەن بەڵێندەرەکانمان گەڕاندوونەتەوە. لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خوێندن جارێکی دیکە بڕیاری لێ دەدەرێت. دووبارە دەدرێنەوە بەڵێندەرەکان."
 
لە 13-9-2023، ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، بەڵام لە پارێزگەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەهۆی بایکۆتەوە دەوام دەستیپێنەکرد و، بڕیار بوو رۆژی سێشەممە، 9ـی کانوونی دووەم دەستپێبکات. 
 
دلێر مەحموود، بەڕێوەبەری سەرپەرشتیکاری پەروەردەی هەڵەبجە  7ـی کانوونی دووەم بە رووداوی گوتبوو "داواکاریی مامۆستایانی ناڕازی روونە، وەڵامەکەی وەزارەتی پەروەردەش روون و ئاشکرایە، ئەوەی لە دەسەڵاتدایە جێبەجێ بکرێت. تاوەکو ئەو ئاستەی حکومەت هەرچی لەدەستدایە بیکات، تاوەکو ئەم دۆخەمان لەدەست دەرنەچێت. داواکاریی مامۆستایان وەک داوایەکی جەماوەری لێهاتووە؛ پرۆسەکە بە تەواوی لەو ناوچەیە راوەستاوە. مامۆستایانی ناڕازی بە وەڵامی حکومەت رازی نین، پێویستە لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولاماندا هەبێت بۆ ئەوەی ئەم دۆخە تێپەڕێنین."
 
لەکاتێکدا مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن، ناچنە ناوەندەکانی خوێندن، رۆژی یەکشەممە، 07-01-2024، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، داواکاریی مامۆستایان جێبەجێ دەکەن، کە ئەوانیش پلەبەرزکردنەوە و بە گرێبەستکردنی وانەبێژانە. بەڵام مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژان نووسراوەکەیان رەتکردەوە. تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆریان لە بایکۆت بەردەوامن.
 
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک؛ ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران خوێندن ئاساییە و لە 3ـی ئەم مانگەوە تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندن بۆ پۆلەکانی 4 بۆ 11ـی دەستیپێکردووە و بەردەوامە. 
 
لەو سنوورانەی بایکۆت هەیە، خوێندنی ئەهلی لە هەموو قۆناخەکاندا بەردەوامە و دوانەکەوتوون. 
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی، کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو وێنەی نارین.

دوای 19 رۆژ تەرمی نارینی هەشت ساڵان لە ئامەد دۆزرایەوە؛ باوک و برایەکی دەستگیرکراون

مورات زۆرئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، نارین گورانی ونبوو، دوای کوشتنی خراوەتە ناو توورەکەیەکەوە و فڕێدراوە لێواری رووبارەکە. هەروەها بە بەرد و لق و پۆپی دار شاردبوویانەوە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەوێوە تێپەڕێت، هیچ گومانێک نەکات."