وەزارەتی ناوخۆ بۆ باڵیۆزی ئێران: تۆمەتەکانت [لەسەر بوونی بنکەی ئیسرائیل لە هەولێر] بوختان و بێ بنەمان

08-09-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو تۆمەتانەی "باڵیۆزی ئێران لە عێراق رەتدەکەینەوە کە بۆردوومانکردنی خەڵکی سڤیل لە هەولێر دەبەستێتەوە بە بەرگریکردن لە خۆیان بەرامبەر ئیسرائیل."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی قسەکانی باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، "لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا باڵیۆزی  کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق تۆمەتێکی بێ بنەما ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکات و جارێکی دیکە بۆردوومانکردنی خەڵکی مەدەنی لە هەولێر دەبەستێتەوە بە بەرگریکردن لە خۆیان بەرامبەر ئیسرائیل."
 
ئاماژە بەوەش دەکات، "هەموو ئەو تۆمەتە بێ بنەما و درۆ و بوختانانە بە تووندی رەتدەکەینەوە کە پێشتریش ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون و لیژنەی باڵا لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ سەردانی ئەو شوێنانەی کردووە کە بۆردوومان کراون و تۆمەتەکان بێ بنەما دەرچوون و رەتکراونەتەوە."
 
دوێنێ شەممە، محەممەد ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیایەکی عێراقی گوتی، "ئێمە لە بۆردوومانکردنی شاری هەولێر بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان پارێزگاریمان لە خۆمان کرد، چونکە هەندێک لایەنی کوردی دژبەری ئێران، خاکی هەرێمی کوردستانیان بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئێران و بەئامانجکردنی فەرماندەکانمان بەکاردەهێنا، ئێمە بەڵگەنامەی پێویستمان لەبەردەستە کە ئیسرائیلیش خاکی هەرێمی کوردستانی بەکارهێناوە، ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان قسەمان کرد بۆ بنبڕکردنی ئەوە، بەڵام هیچ نەکرا و ناچاربووین خۆمان ئەو کارە بکەین."
 
شەوی 15-1-2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشیکردە سەر شاری هەولێر و زیاتر لە نیوەیان بە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن، بەهۆیانەوە پشڕەو دزەیی، ژینای تەمەن 11 مانگی کچی، هاوڕێیەکی بازرگانی و دایەنی منداڵەکەی گیانیان لەدەستدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە